ساڵنامەی پاسە شڕەکەی عێراق
بە رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، لەم وڵاتەدا دەرگایەک بەڕووی هێزە شیعییە پەرتەوازەکان و چارەنووسی ساڵنامەی پاسە شڕەکەی عێراق کرایەوە. لەم نێوەندەدا کەسانێک بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی هەنگاوی یەکەمی بەخوێنڕشتن و بە کوشتنی ئەندامی یەکێک لە خێزانێکی خاوەن پێگەی شیعە دەستی پێکرد. ئیدی لەوێ رۆژەوە لەپێناو ئامانجێکی ئاشکرا (هەوڵدان بۆ دەستگیرکردن لە سوکانی عێراق) لەنێوان لاگیری لە خەڵکی رەشۆک و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی سەر بە ئێران لە پەتپەتێن دایە، رۆژێک داوای خۆپشاندانی ملیۆنی دژ بە سیستمی عێراق دەکات، لەوەشدا پێگەی ئایینی بنەماڵەکەی بۆ جوڵاندن یا شێواندنی داواکاری شەقام بەکارهێناوە، دواتر، کە لەدوورە فەرمانی بۆ دێت لە خۆپشاندەران هەڵدەگەڕێتەوە، لەرێگەی شەقاوەکانییەوە، کە لە هەر قۆناغێکدا ناوێکیان هەیە، بەوپەڕی خوێنساردی دەکەوێتە وێزەیانەوە و دەیانکوژێ.
ئەوانەی بۆ مەبەستێکی تایبەت بەخۆیان باسی پێکهێنانی حکوومەتێکی ناحزبی، بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەن، وێڕای بازدان بەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، کە پاڵپشتی دەستووری هەیە، سەرباری تۆمارە توندوتیژییەکانی بەرامبەر خۆپشاندەران و پێکهاتەی سونە لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧دا بەتایبەتی لەناو بەغدا.
ئەگەر بەئەندازەی هێزە شیعییەکانی دی، کە لە ژمارەی دەنکەکانی دوو تەسبێحی عادەتی زیاترن، لە گەندەڵی روونەچوو بن، کەمتر نییە. بەمانایەکی دی دەرکردنی کەسەکان لە ریزەکانی لەسەر تۆمەتی گەندەڵی، کە وای وێنا دەکات، دوورە لە راستی، بەڵکو پەیوەندی بە هەڵوێستی نارەزایبوونی ئەوانەوە هەیە لەمەڕ سیاسەتە پەتپەتێنەکانیەوە. بۆیە دوور نییە لە قۆناغی داهاتوودا کەسانی دیکە لەسەر هەمان پرسەوە لە ریزەکانی بێنە دەرەوە، ئاخر ئەو پارە قەبەیەی لە دەست بەسەرداگرتنی یەکێک لە دەرگاکانی عەتەباتەکانی شیعە لەرێگەی گەشتکارانی ئایینی بەدەستی دەکەوێت، لەوانەیە بەهۆی بڵابوونەوەی مەترسی نەخۆشی کۆرۆنا بەتەواوی پەکی بکەوێت، یا بەڕادەیەک کەم بێتەوە،کێشەی دارایی بۆ دروست بکات. بەمەش راوەرووت زیاتر دەبێت. بۆیە ئەگەر لە قۆناغێکدا رێی تێچوبوایە ببێ بە شوفێری پاسی عێراق،، بەڵام لەدوای کەوتنی یەک لەدوای ماسکەکانی کارێکی دوورە، ئەوە ئەگەر مەحاڵ نەبێت.
ەدیوێکی دی، لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکەی و بەپێی فەرمانەکان، زۆرجار لە دژی رێڕەوی ئاو رێی کردووە و کاری بێ روحی کردووە، کە دواجار بە زیانی ناوبانگی ئایینی بنەماڵەکەی تەواو دەبێت، چونکە بەردەوام لە نووسراوەکانیدا یا راستتر لە تویتەکانیدا بەناوی بەرژەوەندی گشتی قسە دەکات، کەچی لە کرداردا هیچ کاتێک ژیان و گوزەرانی خەڵکی گشتی بەلایەوە بابەت نەبووە، بەڵکو هەمووی بۆ ئەوە بووە خۆی بکات بە شوفێر و خاوەنی پاسە شڕەکەی عێراق، بەڵام وەک دیارە نە بەو شێوازە، نە بە فیتەری تەلقیندراوی تێنەگەیشتوو لە واقیعی پرۆسەی سیاسی عێراق، ئەو پاسە ناکەوێتە سەر رێ، بەڵکو دواجار دەبێت بەناچاری بە سپۆنسەری کارگەیەکی نێودەوڵەتی لەبەریەک هەڵبوێشێتەوە و ساڵنامەکاشی لە تۆمارەکان رەش بکرێتەوە.