مام جەلال و رادەستكردنی مستەفا سەلیمی
گرووپێك لەپێشچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، میدیای جیهانی و ناوخۆیی، پەرلەمان و حیزبە سیاسییەكانی كوردستان، دادگە و دایكی شەهیدان، ئامادە بێت شارێكی وەك كەركووك “زێڕە رەشەكە” ئەوەی ینک دەڵێ قودسی کوردستان! بە ئاشكرا رادەستی ژێر پۆستاڵی حەشد و میلیشیاكانی نزیك لە تاران بكات، بێشك ئەو گرووپە بەلاشیەوە ئاسایی دەبێت، پەنابەرێكی سیاسی بێ پشت و بەدبەختیش لە زۆنەكەیدا رادەست بە ئێران بكرێتەوە، بۆ تەنیا ئافەرینێك و بەس! وەكچۆن شازدەی ئۆكتۆبەر ناوبانگی خراپی بۆ ئەو گرووپە كوردییە و دواییش هەرێمی كوردستان هەبوو، وێنایەكی ئەوتۆیشی دایە جیهان، كورد هێشتا گرووپگەلێكی تێدان ئامادەن سازش لەسەر خاك و كەرامەتی خەڵك و وڵاتەوە بكەن، هێشتا گرووپێك هەن ئامادەن بۆ بەرژەوەندی تایبەت ئەوەی لە زیانی میللەتە بیكەن، رێك كەیسی مستەفا سەلیمیش خراپتر بەسەر ئەو گرووپە بە پلەی یەكەم و دواتر هەرێمی كوردستاندا دەشكێتەوە، ناكرێ هەرێمی كوردستان بەو ئاستە بگات گرووپێك بە ئارەزووی خۆیان یاری بە ناوبانگ و یاسا و پێگەی وڵاتەوە بكەن، تەنێ بۆ رازیكردنی ئێران، ئەوەی لە زیانی میللەتە بیكەن! هێزێك ئەندامانی سەركردایەتییەكەی لە بەرزایی هۆتێلەكانی بەغدا مارشی عێراقی لێ بدەن و دواییش وەك شانازییەك گرتە ڤیدیۆكەش بە سۆشیاڵمیدیادا بڵاو بكەنەوە، سەركردایەتییەكەی بێدەنگ و بەلایەوە ئاسایی دەبێت ئەگەر لەسەر داوای ئێران ناوبانگی هەرێمیش بخەنە ژێر پرسیارەوە! ئینجا ئێرانێك بە ئاشكرا سووكایەتیی بە شكۆی هاووڵاتی كوردەوە دەكات، زۆربەی لەسێدارەدانەكانی كوردن. لەوەش مەترسیدارتر ئەو گرووپە لە قەڵەمە بەناو سەربەخۆیانەی پاشكۆی زۆنی سەوزن كە لە ئاست بچووكترین شت كاتێك لە زۆنی زەرددا روو دەدات، هەڵڵا دروست دەكەن، وەلێ لە ئاست رادەستكردن و دواییش لەسێدارەدانی چالاكوانێكی سیاسیی كورد، بێدەنگن، بێدەنگییەك جارێكیتر هەموو ئەو قەڵەمانە دەخاتەوە ژێر پرسیار تا ئاستی ئەوەی پێویستە خەڵكی كوردستان چیتر متمانەی بەو قەڵەمە درۆزن و چەواشەكەرانە نەبێت كە مێشێك لە دژی پارتی دەكەن بە گامێش و گامێشێكیش بە مێش، ئاخر ئەو قەڵەمانە (بەشێك)یان تەنانەت نەك هەر ئیدانەی شازدەی ئۆكتۆبەریان نەكرد، بەڵكوو پاساوی پووچیشیان هێنایەوە، وەك ئەوەی شەهیدەكانی ئێمە خوێنیان بۆ كەركووك نەڕشتبێت! رادەستكردنی مستەفا سەلیمی كەیسێكی یەكجار گەورە و هەستیارە، بەوەی راستەوخۆ پەیوەندی بە شكۆی سیاسی و یاسا لە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بۆیە گرنگە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەخێرایی لیژنەیەكی كارای لەسەر پێكهێنن، ئەنجامیشی هەبێت، واتە تەنیا لیژنە نەبێت لەپێناو لیژنە! ئاخر ئەو كەیسە ئیتر ناوبانگی هەرێمی رووشاند، جاران كەسانێك كاتێك ترسیان بۆ دروست دەبوو، دەمودەست روو لە هەرێمی كوردستان و داوای هاوكاری و پاراستنی ژیانیان دەكرد. لە نموونەی تاریق هاشمی پەنای بۆ هەرێمی كوردستان هێنا، وەك كەیسێكی سیاسیش مامەڵەی لەگەڵدا كرا، بەڕاستی ژیانی لەژێر هەڕەشە دابوو. وەلێ هەر لەو هەرێمەی كوردستانەدا ئێستا كەسانێك خەریكە كۆتایی بەو متمانەیەی هەرێمی كوردستان دەهێنن، رۆژێك ئێران دێت كەركووك داگیر دەكات و رۆژێكیش لە كۆیە بە كاتیوشا هێرش دەكاتە سەر پێشمەرگەی دیموكرات، ئاخر جاران كەسانێكی لێقەوما، پەنابەری سیاسی ئێرەیان وەك پەناگەیەكی ئارام دەبینی، ئاخر دڵنیام ئێستا تەواوی پەنابەرانی سیاسی ئەوانەی لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، دەترسن لەوەی چارەنووسیان هەمان چارەنووسی مستەفای سەلیمی بێت. بە گوێرەی هەموو زانیارییەكان مستەفا سەلیمی دوای ئەوەی لە گرتووخانەی سەقز هەڵدێت، روو لە زۆنی سەوز لە ناوچەی پێنجوێن دەكات لە نزیك سنوور، ئەمەش تەواو رێی تێدەچێت راست بێت، بەوەی هەڵاتووێكی سیاسی كاتێك دەزانێت لەكاتی دەستگیركردنەوەیدا وێڕای زیندانیكردنی لەسێدارەش دەدرێت، بۆیە ئەو پیاوە هەرێمی كوردستان بە باشترین بەدیل تێگەیشتووە بۆ ئەوەی ژیانی پارێزراو بێت، خۆ ئەگەر گومانیشی لەو گرووپە هەبووبێت، هێشتا پێیوابووە لەوانەیە كەیسەكەی بكەوێتە سەر شاشە و دواتر رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان گوشار دروست بكەن تا رادەستی تاران نەكرێتەوە، ئێ ئەگەر نەشاردرابووایەوە، بێشك ئەمە رووی دەدات، هەموو كەس دەزانێت دەستگیركردنەوە یان رادەستكردنەوەی یەكسانن بە لەسێدارەدانی، وەلێ دواجار مەرگ خەونەكانی پووچەڵ كردنەوە و لەگەڵ مردنی خۆیشیدا دونیایەك شەرمەزاریی بۆ ئەو گرووپە بەجێهێشت، لە دونیادا رادەستكردنی پەنابەری سیاسی، كەیسێكی یەكجار ئاڵۆزە، ئینجا لەوەش كۆمێدیاتر ماوەیەك لەمەوپێش ئەو گرووپەی قەڵەمە بەناو سەربەخۆیانە هەندێكیان لێرەولەوێ رەخنەیان لە حكوومەتی نەرویژ دەگرت لەسەر ئەوەی بە گوێرەی قانوون مەلا كرێكاری رادەستی رۆما كردووە، رەخنەی ئەوەشیان لە هەرێمی كوردستان دەگرت كە ئیدانەی بڕیارەكەی نەرویژ ناكات! سەیرە! ئەدی ئەو قارەمانانە ئێستا لە كوێن و بۆ دەنگهەڵنابڕن لەسەر ئەوەی چالاكوانێكی سیاسی لە زۆنی سەوزەوە وەك دیاری ژێر سێدارە بەرەو ئێران نێردرایەوە، بەبێ قانوون و لەپشتی چاوی كامێرا و رێكخراوەكان، لەكاتێكدا دەشیانزانی چارەنووسی تەنیا لەسێدارەدانە، ئاخر دەگێڕنەوە گوایە مامجەلال لەكاتی سەرۆككۆماریدا ئامادە نەبووە واژۆی لەسێدارەدان بۆ كەس بكات! بەڕاستی حەزدەكەم بزانم ئەو چیڕۆكەی مام جەلال راستە یان تەنیا چیڕۆكی دروستكراوە و بەس! ئەگەر مام ئەوەی نەكردووە، ئەی خێرە لە زۆنەكەی ئەودا خەڵكی وەك دیاری دەنێردرێتە ژێر پەتی سێدارە! مستەفا سەلیمی هەرچەندە كەیسێكی گەورەیە، وەلێ هێشتا هێندەی ئەو ستراتیژییە میدیایی و هەواڵگری و سیاسییەی زۆنی سەوز مەترسیدار نییە كە بە ئاشكرا ئیش لەسەر ناشیرینكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان دەكات، تەنیا بەهۆی ئەوەی پارتی زۆربەی جومگە بەهێزەكان بەڕێوە دەبات، هەروەها ئەو قەڵەمانەی لەژێر تایتڵی سەربەخۆیی رۆژانە رەخنە لە پارتی دەگرن، كەچی لەسەر پرسێكی وەك كەركووك و سەلیمی بێدەنگن، كاتێكیش نووسەرێكی پارتی یان نزیك لە پارتی قسەیە دەكەن وەك كۆیلە ناویان دەهێنن! ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو بێدەنگی و لەخشتەبردنەی گوتاری میدیایی خۆیان كە كار لەسەر ناشیرینكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندی دەرەكی دەكات، سەرەڕای ئەوە ئەگەر ئەو كەیسەی مستەفا سەلیمی لە هەولێر بووایە، ئێستا هەر هەمان قەڵەم و سیاسی دەهۆڵیان بۆ زۆنی هەولێر دەكوتا، ئەوەتا لە ئاست تاوانێك و شەرمەزارییەكی وا گەورەی رادەستكردنی سەلیمی بێدەنگن، تەنیا لەبەر ئەوەی لە زۆنی سەوزدا روویداوە، ناوێرن دەنگهەڵبڕن.