سه‌ردانه‌كه‌ی ئۆلاند، به پێوه‌ری ئه‌ته‌كێتی دیپلۆماسی
مه‌شخه‌ڵ کەوڵۆسی
سه‌ردانی سه‌رۆككۆماری فه‌ره‌نسا بۆ جاری دووه‌م له ماوه‌ی دووساڵ و كه‌مێك زیاتردا بۆ كوردستان، خۆی له‌خۆیدا ڕووداوێكی جومگه‌یی گرینگه. زۆری له‌سه‌ر وترا، زۆریش ماوه له‌سه‌ر بگوترێت.
هه‌ندێك له گوتنه‌كان تاڕاده‌یه‌كی زۆر ساده و ساكاری پێوه دیار بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها به پاڵنه‌ری كێشه‌ی ده‌روونی و سیاسیی ناوخۆیی نووسرابن، بۆ بچووككردنه‌وه‌ی ڕووداوێك كه له خودی خۆیدا له‌نێو جوغزی ئه‌قڵی سیاسیی لۆكاڵی كوردیدا جێگه‌ی نابێته‌وه.
به‌ڵكو پێویستمان به‌وه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی مهئلوفاتی سیاسیی كورده‌وه سه‌یری ئه‌و سه‌ردانه بكه‌ین.
له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ساده و ئاشكرا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كورد خاوه‌نی ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تی قه‌ومی نییه و تاكو ئێستا نازانێت چۆن له‌گه‌ڵ دیارده‌كانی ده‌وڵه‌تداریدا مامه‌ڵه بكات و له نیشانه سیمبولییهكانی تێ بگات.
ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه ئه‌وه‌نده‌ی غه‌دری مێژوو بێت، ئه‌وه‌نده ده‌رهاویشته‌ی ته‌مبه‌ڵیی تاكی ڕۆشنبیری كورد نه‌بێت كه ناتوانێت به زوویی له‌گه‌ڵ ڕووداوێكدا مامه‌ڵه بكات، كه له ده‌ره‌وه‌ی مه‌ئلوفی سیاسیی ئه‌وه‌وه‌یه. به‌تایبه‌تی ڕووداوه‌كه‌ش له‌ناكاو بێت، به‌جۆرێك كاتێك تاكی ئێمه چاو هه‌ڵده‌بڕێت و سه‌یری شاشه ده‌كات، دیارده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی ده‌بینێت كه چاوه‌كانی و ئه‌قڵی ناوه‌كی ئه‌و له‌گه‌ڵ بینینی ڕانه‌هاتوون.
هه‌ربۆیه زۆر ئاساییه كاتێك له گۆشه‌ی مه‌ئلوفی خۆیه‌وه سه‌یری ڕووداوه‌كه ده‌كات، به‌ناچاری هه‌وڵی گونجاندنی ده‌دات له‌گه‌ڵ قاڵبه فیكرییه‌كه‌ی خۆیدا، به‌ڵام ئایا به پێوه‌ری باوی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌ته‌كێتی دیپلۆماسی، ئه‌و سه‌ردانه له چ ئاستێكدا بوو؟.
بۆ تێگه‌یشتن له بایه‌خی سه‌ردانه‌كه‌ی ئۆلاند، جگه‌له‌وه‌ی كه له زاری خۆیه‌وه بیستمان و ئه‌و هاوكارییانه‌ش كه بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاواره‌كان هێنای، له ڕووی ئه‌ته‌كێتی دیپلۆماسییه‌وه زۆر گرینگ و جومگه‌یی بوو. بۆ ئه‌وه‌ی له‌و گرێیه تێبگه‌ین، چه‌ند خاڵێك به گرینگ ده‌زانم:
یه‌كه‌م: له نه‌ریتی باوی نێوده‌وڵه‌تیدا، له‌كاتی سه‌ردانی شانده فه‌رمییه‌كاندا، پێویسته یاخود وا باوه كه شانده‌كان هاوشانی یه‌كتر بن، لێره‌دا پێڕه‌وی له ڕێسای “التعامل بالمثل” ده‌كرێت. واته پێویسته وه‌زیری ده‌ره‌وه، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه دابنیشێت. یاخود وه‌زیری به‌رگری له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری!..هتد.
به‌ڵام له سه‌ردانه‌كه‌ی ئۆلانددا، زۆر به‌توندی ئه‌م ڕێسایه تێكشكێندرا، واته سه‌رۆككۆماری فه‌ره‌نسا ئاماده‌بوو نه‌ریتێكی دیپلۆماسیی نێوده‌ڵه‌تی پێشێل بكات، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌ولێر بكات.
لێره‌دا له دوو خوێندنه‌وه زیاترمان نییه بۆ ئه‌و ڕووداوه:
یه‌كه‌م: یان ئه‌وه‌یه دامه‌زراوه‌ی بڕیار له فه‌ره‌نسا له‌وه دڵنییان كه ئایندهی هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆیییه و بارزانییش سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه، ئه‌گه‌رچی هێشتا ڕانه‌گه‌یه‌نراوه. بۆیه ئاماده‌ن سه‌نگی دیپلۆماسیی خۆیان له‌سه‌ر ئایندهی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ بخه‌نه بواری وه‌به‌رهێنانی ستراتیژییه‌وه.
واته له‌ناو دامه‌زراوه‌ی بڕیار له فه‌ره‌نسا، كوردستان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
دووه‌م: یان ئه‌وه‌یه ئه‌وان كوردستان وه‌ك كارتێكی ستراتیژی له كایه‌یه‌كی هه‌رێمایه‌تیدا به‌كار دێنن كه سه‌نگی كوردستان تیایدا ئه‌وه‌نده گه‌وره‌یه، له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی كارتی كوردیدا ئاماده‌ن پێشێلی ڕێسایه‌كی دیپلۆماتی بكه‌ن. واته ئه‌وان بۆ گۆڕینی واقیعێكی هه‌رێمایه‌تیی گرینگ، ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بووه كارتی كوردی وه‌به‌ربهێنن.
ئینجا ژه‌ندنی سرودی نیشتمانیی كوردستان و فه‌ره‌نسا پێكه‌وه، سڵاوكردن له پاسه‌وانه‌كان، چه‌مانه‌وه له‌به‌رده‌م ئاڵای كوردستاندا. له هیچكام له‌و حاڵه‌تانه‌دا، ڕه‌چاوی ئه‌ته‌كێتی باوی دیپلۆماسی نه‌كرا، چونكه كوردستان به‌داخه‌وه تاكو ئێستا سه‌ربه‌خۆیی ڕانه‌گه‌یاندووه تاكو وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی هاوتا پێكه‌وه سرودی نیشتمانی‌یان له مه‌راسیمه‌كاندا بژهندرێ. هاوكات چه‌مینه‌وه‌ی ڕه‌مزیی سه‌روه‌ری و ده‌ستووریی ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسا بۆ ئاڵای كوردستان، دیسانه‌وه مانایه‌كی گه‌وره‌تر له سیاقی ئه‌ته‌كێتی دیپلۆماسیدا هه‌یه.
لێره‌وه‌یه كه ههرچاودێرێكی ئاسایی ده‌توانێت به‌بێ خۆبه‌ستنه‌وه بڵێت: هاتنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ كوردستان به‌وجۆره‌ی دیترا، هیچی كه‌متر نیه له دداننان به‌سه‌ربه‌خۆییی كوردستاندا.
چونكه فه‌ره‌نسا ئاماده بوو وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵە له‌گه‌ڵ كوردستاندا بكات. كه به‌گوێره‌ی ئهتەكێتی دیپلۆماسی، كوردستان به‌رز كراوه‌ته‌وه بۆ ئاستی فه‌ره‌نسا.
كام فه‌ره‌نسا؟ پێنجه‌م زلهێزی جیهان و ئه‌ندامی هه‌میشه‌ییی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و خاوه‌نی مافی ڤیتۆ!!. فهرهنسایهك خاوه‌نی ئیرسێكی ئیمپریالیزمی گه‌وره‌یه له جیهاندا، به‌تایبه‌تی له باكووری ئه‌فریقا، ئه‌گه‌ر دڵنیا نه‌بێت له پێگه و ئایندهی هه‌رێمی كوردستان، چۆن ئه‌وهه‌موو ڕێسا نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماسییه پێشێل ده‌كات، له‌پێناوی هاتنی بۆ هه‌ولێر و دیداری بارزانیدا؟!.