شێرپەنجەی سیاسی

لەڕووی زانستیەوە نەخۆشی شێرپەنجە نەخۆشیەکی کۆشندەیە و تا کۆتایی بە ژیانی مرۆڤ نەیھێنێ لەگیانی مرۆڤ دەرناچێ، ھەر بەپێی گوتەی پسپۆرانی پزیشکی شێرپەنجە وێرای مەترسیەکەی، بەڵام لەو نەخۆشیانەش نیە کە دەگوازرێتەوە و تەنیا ئەوکەسەی تووشی دەبێت دەیکوژێت، ئەمە پێناسەیەکی کورت بۆ شێرپەنجەی ئاسایی.
ئەمە نەخۆشی شێرپەنجە وەک خۆی، بەڵام جورێکی دیکەی نەخۆشی شێرپەنجە پەیدابوە ئەویش شێرپەنجەی سیاسیە، جوری دووەمیان زیاتر حزب و رێکخراوی سیاسی دەگرێت و تا گیانی ئەو حزبەی گرتوویەتی لەگەل خۆی نەبات دەرناچێت لە لاشەی، چەند رۆژێکە برادەرانی یەکێتی زیاتر لە دەیان جار دۆبارە کردووتەوە گوایە ئەوان شێرپەنجەیان ھەیە و گوازراوەتەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام بەرپرسان و کادرانی یەکێتی ئەوەیان لەبیرکردووە یانیش نەیان زیانیوە لەوەی شێرپەنجە تا کۆتایی تەمەن ھەر لەگەل نەخۆش دەمێنێ، واتە ئەوان ددانیان بەوەداناوە تووشی شێرپەنجە بوونە، بەڵام پێویستە ئەو راستیەش بزانن شێرپەنجە تا کۆتایی تەمەن لەگەلیان دەمێنێتەوە.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا بەڕاست پارتیش تووشی شێرپەنجەی سیاسی بۆوە، وەک یەکێتی، بێگومان نەخێر چونکە ئەو نیشانانەی لە حزبێکدا کە شێرپەنجەی گرتووە دیارن، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین ھێزی سیاسی عێراق و کوردستان، خاوەن بڕیار و پێگەی جەماوەری و سیاسی و دبلۆماسی خۆیەتی و تادێت بەھێزتریش دەبێت، لەبەر ئەوەی شێرپەنجەی سیاسی بەھەمانشێوەی شێرپەنجەی ئاسایی، ئەگەر تووشی ھەر حزبێک یان گروپێکی سیاسی ھات ئەوە ئینشیقاق و لێکترازانی لێدەکەوێتەوە، نموونەش زۆرن لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە لەناو پارتی نەک رووینەداوە، بەپێچەوانەوە پارتی سەرەڕای ئەو ھەموو کێشە و ئاستەنگانەی لەناوچەکەدا ھەن ئەمڕۆ زیاتر لەھەموو قۆناغێکی دیکە یەکگرتوو خۆراگرتر بوە.
دژایەتیکردنی پارتی و دروستکردنی ھەرناو و ناتۆرەیەک کۆتانی ئاسنی بە ساردی، پارتی بەھۆی ھەبوونی مەرجەعیەتێکی بەھێز و جەماوەرێکی جێگیر توانای بەرگەگرتنی ناخۆشترین رەوشی ھەیە، ھەروەک لە رابردوودا بینیمان چەندین کێشە روویان لە پارتی و ھەرێمی کوردستان کرد و دواجار پارتی ھەر سەرکەوت، بێگومان سەرکەوتنی پارتیش لەیەکگرتوویی ئەو حزبەدایە.

Back to top button