تەوشناسی ناسیۆنالیزمی کوردستانی
عەلی عەونی
ناسیۆنالیزمی کوردستانی پێویستی بە لێورد بوونەوەو چاودێری ورد هەیە. سەرەڕای گەڕانەوەی رەگ و ڕیشەی هەستی نەتەوایەتی بۆ سەردەمی ئەحمەدی خانی مەزن، بەڵام لەگەل ئەوەشدا، ئێمە رەنگە تەنیا نەتەوە بین کە لە یەک کاتدا دوو ئەرکی گەورە جێبەجێ دەکەین.
دوو ئامانجی گەورە کە یەکەمیان بینای نەتەوەیەکی پەرتەوازەی ناکۆک و نا یەکگرتوو و ئەوەی دیکەش بینای نیشتیمانێکی داگیرکراوی پارچەکراوی بە مێتینگە و کۆلۆنی کراوە.
ئەگەر بۆ نموونە یەکێک لەم سەری شار بۆ ئەو سەری شار بە پێ بڕوات و بە جنێودان بێڕێزی بە گەلی کوردستان و خاکی کوردستان بکات، رەنگە کەس بەرۆکی پێنەگرێت و خۆی تێک نەدات، بەڵام هەمان کەس لە هەمان شوێن بێڕێزی بە عەشیرەت و هۆزێک یاخود بە گوند و شارێک بکات دەبینین سەد کەس لێی قیت دەبنەوەو دەمکوتی دەکەن.
لە – مەیدانی تێکۆشانی نەتەوەیش دا بەهەمان شێوە بە ئاوایەکی گشتی بە جواب هاتن و کاردانەوەمان بۆ و لەسەر حیزب زۆر خێراتر و کاریگەرتر تا تێهەڵچوون لەسەر خاک و نەتەوە.
هەڵبەت دەبێت لەبیرمان نەچیت کە ئەمەی کراویشە لە بینای نەتەوە و بڵاوکردنەوە پەرەپێدانی هۆشیاری نەتەوەیی، رۆڵ و چاکیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕاپەڕین و شۆرشەکانی رابردووی کوردستان و تێکۆشانی نزیکەی سەد و پەنجا ساڵەی بارزانی و بارزانیەکان. ئەوان توانیان بازنەی هۆشیاری و ڕاپەڕینی نەتەوایەتی لە ناوچەیەکی بچووکەوە بەرفراوان و بکەن و بیکەنە بزاڤێکی سەرتاسەری وێڕای هەموو کەم و کوڕییەکان.
لە میانی تێکۆشانی کوردستانیان و خەبات لە رێی ئازادیدا، داگیرکەرانی کوردستان بە هەموو چەک و لەمپەرێک بەرسینگی فراوانبوونی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستانیان گرتووە.
لە ساتەوەختی هەرەس هێنانی خەلافەتی بۆگەن و گەندەڵی عوسمانی کە زۆر نەتەوە و وڵات ئازادی خۆیان بەدەست هێناو توانیان سەربەخۆیی رابگەێنن، گەلی کوردستان بەناوی بەرگریکردن لە ئیسلام و برایەتی موسڵمانان لە خشتە برا و کەوتە خزمەتی بزاڤی ناسیۆنالیستی عەرەبی و تورکی کە خۆیان لە کراسی دیندا شارد بووەوە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیش چیرۆک بە شێوەیەک لە شێوەکان زۆر جیاواز نییە و نەبووە لە دۆخی گشتی کوردستان.
نە لەناو تورک و نە لەناو عەرەب و فارس لە رووی سیاسیەوە هیچ رێکخستنێکی سیاسی و دەعەوی بە ناوی ئیسلامی و بۆ ئیسلام و ئایین نیەە. بەڵکوو ناوەڕۆکی هوموو بزاڤە سیاسیەکانیان لەناو ئەم سێ نەتەوەیەی کە کوردستانیان داگیر و دابەس کردووە لەناو خۆیاندا، تەنیا دووبارە بەرهەم هێنانەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و فارسی و تورکیە کە کراس و جلی ئایینی لەبەرکردووە. ئەوان توانیان بەناوی ئیسلام بۆ خۆیان وڵات و نەتەوە و دەوڵەت بینا بکەن.
ئێمەی کوردستانی تەنانەت ناوێرین بڵێین بزاڤی سەلەفی و ئیخوانی و ….تاد.
دەرکەوتن و فێڵی وکەڵەکی دیکەی عەرەبی و تورکین بۆ لە خشتەبردنی کوردی موسڵمانی ساویلکەی خۆشباوەڕ. تەنانەت زۆر بە ئاسانی کوردی دڵسۆزی نەتەوە پەروەر تەکفیریش کراوە. دەبێت لە رووی سەرپێبوونی نەتەوەییەوە بگەینە ئاستێک کە تەنانەت رێکخستنی سیاسی ئیسلامیشمان بۆ سازدانی نەتەوە و وڵات و دەوڵەت بێت. کاریشمان بە موسڵمانانی تورک و کەشمیر و میسڕ و چیچان و ..تاد.
نەبێت وەک چۆن ئەوان بۆ ئێمە خەم ناخۆن و بگرە چەپڵەشیان بۆ سەدام و داگیرکەرانی دیکە لێداوە بۆ دوو بەرمیلە نەوت و بڕێک پارە. ئێمە راستی ڕێکخستن و بزاڤی ئیسلامیمان هەیە و هەبووە بەڵام رێکخستنە ئیسلامییەکان زیاتر خۆیان نزیک لە عەرەب و تورک ئەفغانستانی دیتووە هەتا نزیک لە تێکۆشەرانی نەتەوەیی کوردستان.
لە ساتەوەختی سەرهەڵدانی چەپ و ئایدۆلۆژی کۆمۆنیستیش کوردستان رێکخستنی تایبەتی بۆ خۆی نەبوو. بەڵکوو کۆمۆنیستانی کوردستان بوونە بەشێک لە رێکخستن و پارتە کۆمۆنیستیەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و لە میانەی تودە و حیزبی شیوعی عێراقی و سووریا و تورکیا رێکخران. کۆمۆنسیستانی لە مەڕ خۆمان تەنانەت تیروتوانجیشیان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان دەگرت. ئەوان بینای وڵاتێک بەناوی کوردستان و تێکۆشان بۆ گەلی کوردستانیان نەک بە ڕەوا نەدەزانی بگرە بە پیلانی ئیمبرالیزیشمیان دەهەژمارت.
ئێمە پێویستمان بە حیزبی کۆمۆنیست و کۆمۆنیستانی کوردستان هەبوو بۆ ئەوەی وڵات و دەوڵەت بۆ گەلی کوردستان بینا بکەن. کۆمۆنیزم لە کوردستان دا دەرکەوتە و دیاردەیەکی دیکەی نەتەوە گەلی فارس و تورک و عەرەبە بۆ پتەوکردن و سەرخستنی ناسیۆنالیزمی نەتەوەی داگیرکەر.
ئێستاش هەمان پیلان بەناوی برایەتی گەلان و دیموکراسی و گلۆباڵیزم بەڕێوەیە بۆ ئەوەی گەلی کوردستان لە تێکۆشانی نەتەوایەتی لا بدات> ئەوەی لە سلێمانی و لەو فەوزاییە بە ناوی یەکسانی و شەفافی و پشتیوانی بەغدا و پ.ک.ک بەڕێوەدەچێت سەرەتای هەڵخەڵەتاندنی کوردستانیانە بۆ وازهێنان لە تێکۆشانی نەتەوایەتی.
*تەوش: نەساخی، خەسار (تەوشناسی: پاتۆلۆژی)