کوردستان دووریانی سەربەخۆیی و ژێردەستی
عەلی عەونی
هەتا بیری چەپ لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا جێگای نەکردبوو، هەموو راسان و راپەرین و داخوازییەکانی کوردستانیان، بۆ سەربەخۆیی و بۆ کوردستان بووە.
گەلی کورد نە ئاگای لە نامەرکەزی و خوموختاری فیدراڵی و ..تاد بوو و نە بە خەیاڵیشی دا دەهات کە رۆژێک لە رۆژان لەسەر کەمتر لە سەربەخۆیی لەگەل هیچ کەس و لایەنێک بکەوێتە وتوێژ و دانوستان.
شۆرشەکانی شێخ نەهری و شێخ سەعیدی پیرانی و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ مەحمودی حەفید و…هەموو بەڵگەن کە داواکاریان بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ بووە.
دوای ئەوەی بیری چەپ لەناو کوردستانیان بڵاوبووەوە، چونکە ئەو بیرە هاوردەی رۆشنبیرانی عەرەب و تورک و فارس بوو و هەرلایەک بە پێی تایبەتمەندی و بەرنامە و هیواکانی نەتەوەکانی خۆیان. ئەم بیرەیان پیادە کرد و بەو پێیە حیزبیان دامەزراند. کراسی چەپ لەناو کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارانی عەرەب و تورک و فارس هەر دیسان روویەکی دیکەی ناسیۆنالیزمی پەڕگیر و ستەمکارییان بوو بەڵام لە رەنگ و بێچمی چینایەتی.
هەر وەک چۆن ئیسلام بۆ ئەم سێ نەتەوە داگیرکەرە روویەکی دیکەی ناسیۆنالیزمە. وەک پێشتریش وتوومە ئێمە ئەگەر بزاوتێکی چەپ یا ئیسلامیشمان هەبێت دەبێت بۆ کوردستان و وەک گەلان و نەتەوەکانی دیکە نەکەونە داوی ئومەمیەت. ئەگەر داوای تێکەڵ بوون بە سیستمی جیهانیش دەکەین و یاخود داوای دیموکراتی بوونی گەلانی دەڤەرەکەش دەکەین دەبێت وەک هەموو گەل و وڵات و نەتەوەکانی جیهان تایبەتمەندی کوردستان و سەربەخۆیی بۆ کوردستان پارێزراوبێت.
ئێستا کوردستان لەسەری دووریانی کوردستانێکی سەربەخۆ یان دیسان گەڕانەوە بۆ بەغدایە. بەبێ ئەوەی کەس بە خائین بکرێت، یا نەزان؛ بۆ چارەسەری پرسی کوردستان دوو دکتورێن هەیە. دکتورێنی عێراقچیەکان کە پێیان وایە دەردی کوردستانیان و دۆز و داوایان نەبوونی دیموکراسییە لە بەغدا و تاران دیمەشق و ئانکارا. ئەوانە دەڵێن ئەگەر ئێمە چەند وەزیر و ئەندام پەرلەمانمان هەبن و بە زمانی خۆمان بخوێنین و ببینە هاوڵاتی ئیتر کێشەیەک – نامێنێت. ئەوانە زۆریش پێیان خۆشە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن لەم چوار وڵاتە داگیرکەرە بناسینن. زۆر بۆیان گرنگە کێ و کام حیزب لە پایتەخت حوکم دەکات. ئەم لا باڵە زیاتر هزر و بیریان لە دوو توێی پەرتووکەکاندا بە دەست هێناوە و لاسایی خەڵک دەکەن.
ئەوانە لە زمانی کۆمەڵگای کوردستان تێناگەن، ناشزانن گەلی باڵا دەست بەخۆیان و سەرکردەکانیانەوە چەند دواکەوتوون و تەنانەت مافی پاشکۆیەتیش پێیان رەوا نابینن. ئەوانە ناحەسێنەوە تا بە تەواوەتی نەتوێنەوە.
هێڵی دووەم بۆ چارەسەری پرسی سەربەخۆیی دکتۆرێنی دیارکردنی خاک و سنوری کوردستان و بە فەرمی ناسینی سەردەستەیی گەلی کوردستان لەسەر ئەم خاکە پێشنیار دەکات. هێڵی دووەم پێی وایە ئێمە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستانین و قەت بۆ ئێمە گرنگ نیە کێ لەو پایتەختانە بە هەڵبژاردن یا کودیتا حوکمڕانی دەکات. بەڵکوو ئەوە کاری ئۆپۆزسیۆنە و نابێت ئێمە بۆ ئەو ئاستە خۆمان بچووک بکەینەوە. ئەم دکتۆرینە رەگەکانی و مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ هەموو ئەو سەردەمانەی کە کوردستانیەکان فێری فێڵی برایەتی موسڵمانان و هاوچارەنووسی کرێکاران و هاوبەشبوون لە مرۆڤایەتیدا نەبوون. سەرەداوەکانی ئەم هێڵە لای رێبەرانی کۆن و پێشەنگی سەربەخۆیی خوازیدایە.
ئێستاش کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانی گەورەدایە، دەرفەتێکی زێڕین بۆ کوردستانیان هاتووەتە پێش بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی. ئەو لایەنانەی کە بیانوو دێننەوە و هەل و مەرج بە گونجاو نازانن، هەڵگرانی هزری خۆ بە کەمەنەتەوە زانین و توشی وەهمی دیموکراتی کردنی بەغدا هاتوون. دەزانن زۆربەی هەرە زۆری گەلی کوردستان لەگەڵ سەربەخۆییدان، بۆیە ناوێرن بە ڕاشکاوی لە دژی ئەم خواستە راوەستن. هاتنی شاندی شیعەکان بۆ کوردستان و بۆ لای سەرۆکی هەرێم تێگەیشتنیانە لە راستی هەڵوەشانی عێراق و دروستی بڕیار و خوێندنەوەی سەرۆک بارزانی بۆ ڕەوشەکە. ئەگەر ئێمە دیسان بچینەوە بەغدا لەوانەیە بۆ ماوەیەک کورت دەسەڵاتدارانی عەرەب هەندێک نەرمی بنوێنین، بەڵام لەگەڵ بەهێزبوون، دەگەڕێنەوە سەر رەفتاری ئێستایان و خراپتریش.