سەفار: ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت ساڵی داهاتوو عێراق یاسای بودجەی نابێت
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات، ساڵی داهاتوو (2022) عێراق یاسای بودجەی نەبێت و دەشڵێت چارەنووسی فرۆشی زیادەی نەوت و یاسای ژمێرەی کۆتایی نازانرێت.
د.ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەت لیژنەی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2022ی لە بەشی بودجەی گشتی لە وەزارەتی دارایی پێکهێناوە. لێژنەکە مانگی رابردوو دەستبەکاربووە، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی گەیشتنی پرۆژە یاسای بودجەدی ساڵی 2022 بۆ پەرلەمان نییە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: “ئەگەر رەوشەکە گۆڕانی بەسەرداهات و هەڵبژاردن دواخرا، ئەوە پرۆژەیاسای بودجەی 2022 رەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێت”. بەڵام سەفار پێشبینی دەکات پرۆژەیاسای بودجەی 2022 لە پەرلەمان پەسند نەکرێت بەهۆی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ماوەی پێکهێنانی حکومەت و دەستبەکاربوونی پەرلەمانتارانی نوێ، کە ئەمانە نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت.
سەبارەت بە ژمێرەی کۆتایی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان گوتی، نە پەرلەمان و نە وەزارەتی دارایی هیچ لەبارەی چارەنووسی ژمێرەی کۆتایی نازانن. چارەنووسی فرۆشی زیادەی نەوت نازانرێت. کەسیش ژمێرەی کۆتایی نازانێت. لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 نرخی نەوت بە 45 دۆلار دیاریکرابوو، بەڵام ئێستا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە 76 دۆلارە. داهاتی نەوت نزیکەی چوار ملیار دۆلار بوو مانگانە، بەڵام ئێستا لە 6 ملیار دۆلار زیاترە.
س: رووداو