کوردستان و مەترسیەکانی پۆپۆلیسم
عەلی عەونی
حیزب و رێبەرانی سیاسی کۆمەڵگا ئەرکی وشیاری و رێکخستنی تاکەکانیان لە ئەستۆدایە. ئەم دوانە رۆڵی پێشەنەگی و رێنیشاندەری لە جڤاکدا دەگێڕن.
پرۆسەی رزگاری پێویستی بە رۆشنگەری راستەقینە هەیە لە لایەک و لە لایەکی دیکەش پێویستی بە ئازارکێشان و قوربانی دان هەیە.
حیزب و رێبەران ئەرکیان راستگۆییە لەگەڵ خەڵکدا. ئەوانەی وا دەزانن سیاسەت بریتیە لە فێڵ و دوو ڕوویی و درۆکردن، خۆیان خەڵکی درۆزن و فێڵبازن و دوو روون.
سیاسەت زانستی بەختەوەرکردنی مرۆڤەکانە. کاری هەرکەسێک نییە، بەڵکوو ئەم ڕۆڵە بەشی هەرە دیار و دەستەبژێری جڤاک دەیگێڕێت. زمانی سیاسەت و سیاسیەکان زمانێکی بەرزە.
دوورە لە جنێودان لە قسەی ئاسایی و وشەی نەشیاو. مرۆڤی سیاسی خۆی دەبوێرێت لەپێدانی زانیاری ساختە و ناراست بە خەڵکەکەی.
جێگای داخە کە سروشتی مرۆڤ وایە کە حەز لە ئاسودەیی و پاڵدانەوە و بێکاری دەکات. سروشتی مرۆڤ وایە کە حەز دەکات بەبێ تێکۆشان و قوربانیدان رزگار و ئازاد ببێت. مرۆڤ حەزدەکات بەبێ کارکردن و ماندوو بوون زەنگین ببێت، بە ئاسانترین و کورتترین رێگا ببێتە خاوەن ماڵ و موڵک و باوەڕنامە و..تاد.
ئەرکی رێبەرانی جڤاک و سیاسەتە کە کۆمەڵگا فێری تێکۆشان و قوربانیدان و کارکردن و رێکخستن و راپەڕین بکەن بۆ بەدیهێنانی رەوش و کاودانێکی باشتر.
بۆ گۆڕینی ئەم دۆخەی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگایەکی تێکۆشەر و جیددی ، حیزب و رێبەرانی سیاسی ئەرکی هەرە قورسیان لەسەر شانە.
هێربێرت شیلەر، پێی وایە کە جڤاک بە گشتی خەڵکی نا ئاشنایە بە ماناکانی خۆی، لاواز و کارلێکراوە. لە سەدەی نۆزدەهەم نارودنیەکانی رووسیا سەریان هەڵدا، ئەوان بۆ بەدەست هێنانی پشتیوانی خەڵک ئەو هزرەیان وروژاند کە رووسیا بەبێ ئەوەی قۆناغی سەرمایەداری تێپەڕ بکات دەتوانێت بگاتە سۆسیالیزم. ئەم بزاوتە پێی دەگوترێت پۆپۆلیسم یان عەوام پارێزی. پۆپۆلیسم ئەم چەند تایبەتمەندییەی تێدا زەق و بەرچاون:
١-راکێشانی پشتیوانی خەڵک بە بەرزکردنی سۆز و بەڵینی گشتی و نارۆشن.
٢-بەرەوپێشبردنی ئامانجە سیاسیەکانی، بە بازدان بەسەر حیزبەکان و دام و دەزگا فەرمیەکان، بە ڕێگای راکێشانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ گوشارخستنی راستەوخۆ لەسەر حکوومەت و ملکەچ کردنی حکوومەت.
٣-بە پیرۆزکردن و گەورەکردنی خەڵک یان گەل، بەو بڕوایەی کە ئامانجە سیاسیەکان دەبێت بە خواست و هێزی خەڵک و جیا لە حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان سەربگرێت.
پۆپۆلیسم لەسەر بنەمانی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک، بە پیرۆزکردنی سەرکردەکەیان و ناشرین کردنی ئەوانی دیکە، بە پشت بەستن بە خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت، بەبێ ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، داوای چاکسازی کردن، بورژوازی بوون و هەروەها بنکڕی دژایەتی ناسیۆنالیزمیش لەناو بزاڤی پۆپۆلیستیدا دەبینرێت. بۆ گەیشتنە دەسەڵات ئامادەن گومان بخەنە سەر هەموو دەزگا و هەبوونی جڤاک و دەسەڵات. پۆپۆلیستەکان حەزیان بە قۆرخ کردن و بەهێزکردنی هێز گەلی گرێدراو بە بازاڕی ناوخۆیی ھەیە. جاری وا هەیە شان بە شانی سەندیکاکان، رێکخراوگەلی تایبەت بەخۆیان دروست دەکەن. پۆپۆلیستەکان بۆ ئەوەی رای دوو کەس بۆخۆیان رابکێشن ئامادەن بە تەواوی پێچەوانەی بیر و بڕوای رۆژیک پێشتریان هەڵوێست بنوێنن.
زۆر دوور نەڕۆین لەناو بزووتنەوەی گۆرانی لەمەڕ خۆمان، کە بە بیانووی گەندەڵی و دزی و دیکتاتۆری و بنەماڵەیی و …تاد لە یەکێتی نیشتیمانی جیابوونەوە، بە کەمێک شلکردنی جڵە و مەیدان پیدان، لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خێرا ریککەوتنێکیان لەگەل ی.ن.ک مۆرکرد. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە ی.ن.ک لە رووی رەفتار و بنەماوە هیچ نەگۆرابوو. بەناوی پشتگیری کردنی مامۆستایان لێنەگەڕان یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رۆڵی رێبەرایەتی کردنی داواکاری مامۆستایان ببینن و شێوە گروپیکیان بۆ دروست کردن و بوونە هۆی بێبەشکردنی رۆڵەکانی گەلەکەمان لە خوێندن لە شاری سلێمانی.
ئەو بزووتنەوەیەی لە لایەک رەخنەی لە حکوومەتی هەرێم دەگرت کە نابێت هەموو خەڵک ببێتە مووچە خۆر و لە لایەک دەیگوت، ئێمە مووچە بۆ کابانی ماڵ دەبڕینەوە. یەکێک لە خۆڵکرنەکانیان لەچاوی خەڵک، پێدانی ژمارەیەکی وەهمی و گەورەی داهات و ئینجا دابەشکردنیەتی لەسەر ژمارە تاکەکان کە ئەویش هەر ژمارەیەکی راست نیە، ئینجا بە تاوانبارکردنی حکوومەت و نیشاندانی بەشی هەرتاکیک لە بودجەی گشتی. وەک بڵێی وڵات پێویستی بە هیچ خزمەتگوزارییەک و هێزی ئاسایش و پۆلیس و پ.م پەروەردە و تەندروستی نەبێت. کاتێک دێتە بیریان ئەم بوارانە پێویستن بۆ ژیانی خەڵک، خێرا گومان دەخەنە سەر باشی و سەرکەوتوویی ئەم دەزگایانە.
پۆپۆلیسم مەترسیەکی جیددیە بۆ بەلاڕێدا بردنی کۆمەڵگا و تێکدانی خەبات و تێکۆشانی کوردستانیان بە دەستی خودی خۆیان.