عەرەب پەیامی خۆی گەیاند، ئەی پەیامی کورد چی دەبێ؟

سوورە مەرگەیی
هەر کاتێک کورد لە دەرەوەی خواستی داگیرکاری عەرەب باسی ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی خۆی کردبێ، عەرەب جیاوازیە سیاسی و مەزهەبیەکانی وەلا ناون و دوور لە هەموو یاسا و رێسایەک و بە ئەقڵی عرووبە و عەرەبچێتی پەیامی کوشتوبڕ و کاولکاری داوە بە کورد، دوا پەیامیان بڕیاری پەرلەمانی عێراق بوو لە ١ــ٤ــ٢٠١٧ کە یەک دەنگ و یەکهەڵوێست بە شیعە و سوننەوە بڕیاریاندا کورد نابێ خاوەنی ئاڵای خۆی بێ، ئەو پەیامە ئەگەر چی لە ئێستادا بۆ کەرکوکە، بەڵام لەگەڵ هەڵکشانەوەی دەسەڵاتیان ئەو پەیامە بۆ هەموو کوردستان دەبێ، لە دوای رووخانی رژێمی بەعسیش زۆر جاریتر عەرەب بە شێوەی جیاجیا پەیامی هاوشێوەی ئەو پەیامەیان داوە بە کورد، لە بەرامبەر پەیامە عرووبیەکانی عەرەب جگە لە پەیامەکانی سەرۆک بارزانی، زۆرێک لە سیاسی و سەرکردەکانی کورد بە لەبەرچاو گرتنی کۆ کردنەوەی دەنگ بۆ حزبەکانیان بە پەیامی حزبی وەڵامی پەیامەکانی عەرەبیان داوەتەوە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە: کورد کەی بە پەیامی کوردانە وەڵامی پەیامی عەرەبیانەی عەرەب دەداتەوە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ناکرێ نەگەڕێینەوە بۆ مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد و ئێستاش لەبەرچاو نەگرین، بە تایبەتیش کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاری گەورە دایە و هەموو لایەنەکانیش دەرکیان بەو گۆڕانکاریانە کردووە، لە هەمان کاتدا پرسی کورد پرسێکی نەتەوەییە و بێ چارەسەری ئەو پرسەش هەر حزب و لایەنێکی کوردی بیر لە سەرکەوتن و دەستکەوت بکاتەوە لە کاروانی خەباتی نەتەوەیی دادەبڕی، بۆیە ناکرێ چیتر حزب و لایەنە کوردیەکان وەک ئێستا بەغدا بۆ سەرکەوتنی خۆیان و کەوتنی رکابەرەکانیان لە ململانێ حزبییەکاندا بکەنە کارت. دەبێ سەرکردە بڕیار بە دەستەکانی کورد ئەو راستییە بزانن کە عەرەب بە پەیامە عرووبیەکانی کوردی خستۆتە ناو دووڕیانێکی چارەنووسساز، ئەوەش ئەرکێکی نەتەوەیی و مێژوویی خستۆتە سەر شانی هەموو لایەنە کوردستانیەکان بە گشتی و لە ناویشیاندا پارتی و یەکێتی بە تایبەتی، ئەنجامدانی ئەو ئەرکە و گەیشتن بە سەربەخۆیی و رزگار بوون لە ژێردەستەیی پێیان دەڵێ: دەبێ دەستبەرداری پەیامی حزبی ببن و قۆناغەکە پەیامی کوردانە و کوردایەتی لێیان دەوێ، خۆ دزینەوەش لەو ئەرکە و لەو پەیامە نەتەوەیی و نیشتیمانیە بە هەر پاساو و بیانوویەک دەرچوونە لە خولگەی نەتەوەیی و چوونە ناو بازنەی داگیرکارانی کوردستان و دوژمنانی کوردە، بۆیە پێویستە لایەنەکان رێگە نەدەن بەغدا چیتر گەمە لەناو کێشە و ناکۆکەکانیاندا بکات وەک ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوودا کردوویەتی.

 

Back to top button