مەهاباد.. ناونیشانی خواستە نەتەوەییەکان بۆ کورد

ساڵح قەلاب

هەندێک کەس تاوەکوو ئێستاش، گلەیی ئەوە لە سەرکردایەتیی کورد دەکەن کە سەرۆک بارزانی نوێنەرایەتی دەکات، بەوەی پرسی ڕیفراندۆم لەسەر مافی چارەنووس و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق دەورووژێنێت، لە کاتێکدا ئێستا زیاتر لە مافی حوکمی زاتی هەیە، هەروەها گلەیی ئەوەش لەو سەرکردایەتییە دەکەن کە سوورن لەسەر بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر دامەزراوە حکوومییەکانی کەرکووک، لە پاڵ ئاڵای فەرمیی عێراق. ئەمانە هەمووی لە کاتێکدا دێت کە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە مووسڵ لە گەرمەی دایە و بە شێوەیەکی گشتیش ناوچەکە ناسەقامگیرییەک بە خۆوە دەبینێت کە بەسەر جۆرەها ئەگەردا کراوەیە.

 

ئەوە ڕوونە کە ئەو فشارانەی خراونەتە سەر سەرکرایەتیی کورد کە خۆی لە حکوومەتی هەولێر و سەرۆک بارزانیدا دەبینێتەوە کە بەرپرسیارێتیی هەڵگرتنی ئاڵای تێکۆشانی ئەو گەلەی لە باوکی (مەلا مستەفا بارزانی) بۆ ماوەتەوە، لە پێناو ئەوەی کە ئەو گەلەش وەکوو گەلانی دیکەی ناوچەکە شوێنێک بۆ خۆی دیاری بکات. ئەمەش وای کرد کە پەنا بباتە بەر هێورکردنەوەی ڕەوشەکە، لە کاتێکدا لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا گەیشتبووە لوتکە، بەو هۆیەوە ڕیفراندۆمە ناوخۆییەکەی هەرێمی کوردستان لەسەر سەربەخۆیی دوابخات، بەڵام ناتواندرێت لە دواخستنەکە دڵنیابین، ئەمە (ڕیفراندۆم) بە کردەیی ڕوودەدات، هەرچەندە وادەی ئەو ڕیفراندۆمە بە شێوەیەکی سەرەتایی دیاری کراوە و بەم نزیکانە دەبێت.

 

ئەوەی کە پێویستە لێرە ئاماژەی بۆ بکرێت و بابەتێکی مێژووییە، ئەوەیە کە ئێران دەزانێت سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق و جیابوونەوەی لە عێراق کە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا سنوورەکانی کێشراون، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە هۆی گواستنەوەی پەتای سەربەخۆیی بۆ کوردانی ئێران کە تامی دەوڵەتی نیشتمانییان چێشتووە (کۆماری مەهاباد لە ساڵی 1946)، هەرچەندە ئەم کۆمارە لە دەرئەنجامی قەیرانی نێوان سۆڤیەت و ئەمریکییەکان بوو لەسەر ئێران کە شا ڕەزا پەهلەوی نەیتوانی بە دووری بگرێت لە نەهامەتییەکانی ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەو دوو زلهێزە سەرەکییەی کە بە یەکەوە شەڕیان لە دژی ئەڵمانیای نازی کرد لە جەنگی جیهانیی دووەمدا.

 

ئەم دەوڵەتە (کۆماری مەهاباد) کە یەکەم دەوڵەتە کوردەکان دروستی دەکەن و بە ”دەوڵەتی نەتەوەیی“ دادەندرێت، تەنیا  11 مانگ بەردەوام بوو، دواتر سەرۆکەکەی (قازی محەمەد) لەسێدارە درا بە شێوازێک کە ئەوپەڕی بوغز و کینە و تۆڵەسەندنەوە و دڕندانەیی تێدا بەکار هێندرا. هاوکات سەرکردە سەربازییەکەشی (مەلا مستەفای بارزانی) ناچار کرا کە پەنا بۆ یەکێتیی سۆڤیەت ببات و ماوەیەکی دژوار لەو مەنفایە بەسەر ببات کە بە کردەیی وەکوو زیندانێکی ڕاستەقینە بۆ ئەو و ئەوانەی یاوەری بوون لەو ئەزموونە قورسەدا، وابوو کە دواتر گەڕایەوە بۆ عێراق تا قۆناغێکی نوێی تێکۆشانی نەتەوەیی دەست پێ بکات.

 

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێرانییەکان هەر ترسی مەهابادێکی دیکەیان مابوو، هەردەم بەدوای ئەوەوە بوون کە نەهێڵن کوردەکان هیچ دەستکەوتێک (کە بۆنی سەربەخۆیی لێ بێت) بەدەست بهێنن، نە لە تورکیا و نە لە سووریاش، بە سرووشتیش لە کوردستانی عێراقیش. بۆیە نەک بە دوور نازاندرێت، بەڵکوو بە دڵنیاییەوە ئەوان لە پشت ئەو وەڵامە توندەی حکوومەتی عێراقن لە هەمبەر بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگا حکوومییەکانی کەرکووک، هەر ئەوانیشن لە پشت خۆشکردنی ئاگری ئاژاوەی نێوان هەولێر و سلێمانی دان. کێشەی ڕاستەقینەی کوردانیش ئەوەیە کە دووچاری کاریگەریی هێزە هەرێمییەکانن لەسەر ڕەوشی ناوخۆییان، لە ڕاستیدا ئەمە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە هەر بەردەوام بووە، دوای ڕێککەوتننامەی (سایکس – بیکۆ)وە تاوەکوو دەگاتە جەنگی جیهانیی دووەم… و تاوەکوو ئێستاش.

 

بەم شێوەیە و هەرچەندە کاک هۆشیار زێباری جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەگوزەرێت، نە پەیوەندی بە کوردی ئێران، نە بە کوردی تورکیا، نە بە کوردی سووریاوە هەیە، بەڵام ئەو هەڵایە هەرێمایەتییەی کە دوای هەنگاوی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان هات لەسەر دامودەزگا حکوومییەکان لە کەرکووک، هێشتا بەردەوام و بەدوای یەکدا هاتووە، ئەو ڕەتکردنەوە جدییەی هەوڵەکانی کوردانی عێراق بۆ سەربەخۆییش لەلایەن وڵاتانی هەرێمییەوە بەردەوام دەبێت، بەتایبەتیش دەوڵەتی ئێران کە وەکوو دەزاندرێت پێکهاتووە لە (مۆزایک)ێکی نەتەوەیی کە جگە لە کورد کە -وا پێدەچێت بەجددی خەریکی دەست پێکردنەوەی شۆڕشی چەکدارییان بن- بلووش و عەرەب و ئازەریش لە خۆ دەگرێت کە زۆرینەن لەو وڵاتەدا، لە کاتێکدا چاودێران لە دوورەوە وادەزانن کە ئەو وڵاتە زۆرینەی فارسە.

 

لە کاتێکی ئەو هەموو هەڵایەی لە بەرامبەر هەوڵەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ سەربەخۆیی کە ”کاک“ هۆشیار زێباری دەڵێت مانای جیابوونەوە نییە لە دەوڵەتی عێراقی فیدرالی!! پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە یەک سەدەی تەواو بەسەر داڕووخانی دەوڵەتی عوسمانیدا تێپەڕیوە کە تاوەکوو مابوو، عەرەب و کورد و زۆربەی نەتەوەکان و پێکهاتنە ئیتنی و ئایینی و مەزهەبییەکانی دیکەی کۆکردبووەوە، تاوەکوو جەنگی جیهانیی یەکەم و بەستنی پەیماننامەی (سایکس – بیکۆ)ی ناسراو کە ئەو ناوچەیەی پارچە پارچە کرد و کردییە کۆمەڵێک قەوارەی دروستکراو بەپێی بەرژەوەندیی دوو وڵاتی ئەو سەردەمەی پەیوەنددار کە فەڕەنسا و بەریتانیا بوون.

 

بە دڵنیاییەوە، ئەگەر بە وردی چاودێری ئەو شەڕ و شۆڕ و نەهامەتییانە بکەین کە لەم بەشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن، دەبینین کە ئەو ڕێککەوتننامانەیە بنەمای سەرجەم ئەو نەهامەتییانەیە کە لە دەرئەنجامی داڕشتنی ئەو قەوارانەوە هات کە زۆربەیان دروستکراون و لەسەر بنەمای هاوسەنگیی دانیشتووان و هاوسەنگیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی بونیات نەنراون.

 

بەپێی ئەو ”راستە“یەی هەردوو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و فەڕەنسا، ئەو هەموو دەوڵەتە عەرەبییە دروست بوو کە هەندێکیان ئێستا تەقینەوەی وێرانکاریان تێدا ڕوودەدات و نازاندرێت بەرەو کوێ دەچێت و ڕەوشەکەی چی بەسەر دێت، ئەمە هەمووی لە کاتێکدایە کە تەنیا کوردەکان بێبەش کران لە هەر قەوارەیەکی نیشتمانی، جا چ بچووک، چ گەورە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە چوارەم نەتەوەن لە پاڵ نەتەوەی (عەرەب، تورک و ئێرانی (یان فارسی)).. لە ڕاستیدا ئەمە زوڵمێکی مێژووییە کە هاوشێوەی نییە، وای کرد کە ئەم ”برایانە“مان ببنە هۆکاری ناسەقامگیری لە هەموو ئەو وڵات و قەوارانەی کە بە زۆر پێیانەوە لێکراندران، دژ بە خواستی نیشتمانی و نەتەوەییان.

بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کە لەبەر دەستدان و لەلایەن وڵاتانی پەیوەندیدارەوە ڕەت کراونەتەوە، لە ئێران، ژمارەی کوردان 12 ملیۆنی تێپەڕاندووە و لە تورکیاش ژمارەیان لە 16 ملیۆن نزیک بووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە کوردانی باکووری عێراق ژمارەیان 4 ملیۆنی تێپەڕاندووە و کوردانی سووریاش ژمارەکەیان نەزاندراوە، بەو پێیەی کە لە ڕووی مێژووییەوە بەسەر هەموو شار و ناوچەکانی سووریا دابەش بوون و ئەوانە نەبێت کە لە ناوچە سنوورییەکان دان لەگەڵ تورکیا، ئەوانەی دیکە سەرجەمیان لەگەڵ برا عەرەبەکانیان لە ڕووی سیاسی و حزبی و ژیانی کۆمەڵایەتییەوە تێکەڵ بوونە و زۆرێکیان گەیشتوونەتە پێگەی فەرمیی سەرەکی لە سووریا، لەوانەش سەرۆکایەتیی وڵات و سەرۆکایەتیی وەزیران و سەرکردایەتیی سووپا و ..هەموو شتێک.

 

حاڵی حازر کوردەکان نە داوای دەوڵەتێکی نەتەوەیی دەکەن کە سەرجەمیان کۆبکاتەوە، نە بیریش لەوە دەکەنەوە، هەروەکوو عەرەب کە پێشتر و تا ئێستاش چاویان لەو دەوڵەتە یەکپارچە نەتەوەییەیە، بەڵکوو کوردەکان وای دەبینن کە ئەو مەسەلەیە لە مەودایەکی نزیکدا ئەستەمە و سەر ناگرێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەوان بەو ڕەوشە ڕازی دەبن کە ”ڕاستە“کەی (سایکس و بیکۆ) کێشاویەتی و ئەو ڕەوشەی دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی هات، بە تایبەتیش کە لە لایەن هەندێک لایەنەوە داننان بە بوونیان ڕەت دەکرێتەوە، چ وەک گەل، چ وەک میللەت، چ وەکوو ماف، ئەمەش ناکرێت بەردەوام بێت دوای ئەو هەموو ساڵە دوور و درێژە.

 

لە هەموو ئەمانەش خراپتر ئەوەیە کە هێشتا هەندێک هەن بەردەوامن ڕۆڵەکانی ئەم گەلە کە ناکرێت بێبەشبوونیان لەو مافانەی کە عەرەب و تورک و ئێرانییەکان (فارس) هەیانە، بەردەوام بێت، بەکار دەهێنن وەکوو سووتەمەنی لە ململانێکانی ئەم ناوچە گڕگرتووەدا، ئەمەش وایان لێ دەکات لەو وڵاتانەدا ببنە هۆکاری ناسەقامگیری، وەکوو ئەوەی ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی (ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا) ڕوودەدات.

 

دواتر و لە کۆتاییشدا پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە ئەو کێشەیەی ئەو هەموو نەهامەتییەی بۆ کوردان دروست کردووە، ئەوەیە کە ناوچەکانیان لە هەموو ئەو وڵاتانەی پێیانەوە لکێندراون، ناوچەی پڕنەوتی سەرەکی و ستراتیژییە.

 

*وەزیری ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پێشووی ئوردن

– لە ژمارە (14023) ئەمڕۆ پێنجشەممە 20/4/2017ی ڕۆژنامەی (شرق الاوسط) بڵاو کراوەتەوە

Back to top button