دەمارگیرکی (فاناتیسم)
عەلی عەونی.
.
کوردستان لیوان لیوە لە دەمارگیری و یەکتر قبوڵ نەکردن. دەمارگیری ئایینی، دەمارگیری وەزشی، دەمارگیری حیزبی و سیاسی و دەمارگیری خێڵەکی و …تاد. تەنانەت لە بواری ئەدەبیش دا ئەوانەی حەز لە نووسین و هۆزانەکانی نوسسەر و هەڵبەستڤانێک دەکەن، بەشێوەیەکی وا شێتانە بەرگری لێدەکەن و دەیخوێننەوە کە ئیتر بیر ناکەنەوە ئاخۆ نووسەرەکە ویسوتیەتی چی بڵێت. ئەگەر هات و رەخنەیەکی بنیاتنەریش لە نووسەرەکە گیرا، خێرا رەخنەگر پەلاماری موریدانی نووسەرەکە دەکەوێت.
مرۆڤی دەمارگیر سەرەتا بەشێوەیەکی سروشتی خۆشەویستی و مەیلداری بۆ بابەتێک یا بوارێک دەچێت، بەڵام دواتر قۆناغ بۆ قۆناغ، ئەم حەز و ئارەزووە دژوارتر دەبێت و بیرکردنەوە رادوەستێت. مرۆڤی دەمارگیر لە راستیدا دەرگای بیرکردنەوە کلوم دەدات، بابەت و بوارەکە لەجیاتی ئەو – دەدوێن.
سەیر بکەن لەم کوردستانەی ئێمە، لە رووی دینیەوە موسڵمانە میانڕەوەکان لە ترسی ئیسلامیە دەمارگیرەکان، ناوێرن پیرۆزبایی جەژن لە ئایینە جیاوازەکانی دیکەی کوردستان بکەن، نەوەک خێرا بەر نەفرەتی تەکفیر بکەون پەلامار بدرێن.
ئیسلامی ئەو موسڵمانەی خۆشناوێت کە وەک ئەو ریشی درێژ ناکات و دەلینگی کورت. وەک ئەو فەتوا لە دژی غەیرە موسڵمان نادات ئەمە جگە لە بە کافر و ئەهلی ئاگر زانینی هەموو ئول و ئاییەنەکانی دیکە.
زۆربەمان کاتێک باسی دەمارگیری دێتە ئارا، تەنیا بواری ئایین دێتە بیرمان. کەچی لە راستیدا مەیدانەکانی دیکە لە مەیدانی ئول و ئایین پاک و خاوێنتر نیین. لە بواری وەرزشیدا، ئەوەی لایەنگرانی دوو یانەی جیاوازی ناوخۆیی لە کاتی بردنەوە و دۆڕاندنی تیپەکانیان بە یەکتری دەکەن، هیچی وای کەمتر نییە لە شەڕی هۆز و حیزبەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە لەم بوارەدا باس لە گیانی بەرزی وەرزشی دەکرێت!!.
مرۆڤە دەمارگیرە توندرۆکان، بە کەمترین ئاستی بیرکردنەوە و شرۆڤەی رەخنەیی، بەرگری لە قەناعەتی خۆیان دەکەن. بەرگەی چوونە ژێر پرسیار ناگرن و قەبوڵی ناکەن کەس لەبارەی راستی و نا راستی بیری ئەو لێدوان بدات.
بۆ نموونە لەم سەردەمەی کە هەموو گەلانی دونیا بۆخۆیان دەوڵەتییان دامەزراندووە، دەمارگیری عەشایری و ناوچەگەرێتی بەشێوەیەک برستی لە کوردستان بڕیەوە کە تەنانەت هەندێک مرۆڤی دەمارگیر دەڵێن ئێمە کە شارین و شارەکەمان ئەوەندە مێژوو و پێشکەوتنی هەیە، چۆن بچێتە ژێر دەسەڵاتی شارێکی دیکە و حکومەتێک کە منی تێدا سەرۆک حکومەت نیم؟!! کەسیش نییە بپرسیت ئەرێ چۆن قبوڵتان کرد سەد ساڵ ژێر دەستەیی عەرەبی بەغدا بن، بۆچی ئامادە نین بە دڵفراوانی لە چوارچێوەی حکومەتێکی خۆماڵی کار بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ بکەن؟!.
لە مەیدانی کاری حیزبیدا هەر مەپرسە، دەمارگیری حیزبی لە ئاستێکی ناسروشتی لە پابەندبوون و لایەنگری دایە. ئەندامانی حیزبەکان لەبەر پەروەردەی خراپ دەمارگیری کوێرانە لە یاسا و بنەما کۆمەڵایەتیەکان لا دەدەن و جاری وا هەیە دەبنە هۆی رووشان و توڕەکردنی دەوروبەری خۆیان سۆز و خرۆشێکی وا لە پابەندبوونی حیزبی لە ئارادایە کە کەمترین ئاستی شرۆڤە و بیرکردنەوەی رەخنەیی پەسند ناکرێت. بۆ نموونە لە دیوی سەوز و نیلی لە رووی سیاسییەوە، هەموو ئەندام و لایەنگرانیان بەشێوەیەک پەروەردە کردووە، کە خۆراگری دەکەن لەبەرامبەر پرسیاری لۆژیکی و تەنانەت دەرخستنی راستی بە بەڵگەوە. وەها پەروەردەکراون کە سنوری دەسەڵاتی پارتی دیکتاتۆری و ترس هەیە، هەموو خەڵکی سنوری پارتی ترسنۆکن و هەموو ئەوانەی سنوری ئەوان ئازا و بوێرن، ئەوان هەموو خوێندەوارن، شارستانن، زانان و ..تاد هەرکەس پارتی بێت کۆیلەیە، مەسینەهەڵگرە، نەخوێندەارە و عەشایرەو..تاد. ئەم جۆرە تێگەیشتنە ئەوەندە لای ئەندامانیان ڕۆچووە، کە هیچ خاڵێکی گەش لە تێکۆشانی زیاتر لە حەفتا ساڵەی پارتیدا نابینن. کاتێک لێیان دەپرسی کە چۆنە ئێوە ئەم هەموو حیزبە ئازا و ئازاد و تێکۆشەرە خوێندەوارە بەم هەموو ئەندام و لایەنگیرە توانای نەهێستنی نەخوێندەوار و ترسنۆک و کۆیلەکانتان نییە، خێرا هەڵدەچن و تووشی پەرکەم دەبن. ئەمەیە نەخۆشی دەمارگیری.
ئەوە نەخۆشی دامارگیرییە کە ناهێڵێت کەسە دەمارگیرەکان لەنێوان حەزەژانی خۆیان و ژیانی رۆژانەی جڤاک هاوسەنگی دروست بکەن ئەگەر سیری راگەیاندنی حیزبەکانی دیوی سەوز و نیلی و تایبەت هی گۆڕان بکەین، دەبینین ئەوەندەی کە رووی پەلامار و رووخاندنیان لە پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، نیو ئەوەندە باس لە خراپی دەسەلاتی بەغدا و ژێردەستەیی کوردستان نییە. دەمارگیری ئەنجامی سیاسی و جڤاکی زۆر خراپیشی بەدواوەیە. خوێندنەوە و تێگەیشتنی توندڕەوانە لە ئایدۆلۆژیەکانی پاوانخوازی ئایینی و سیاسی دەتوانێت ببێتە هۆی توندوتیژی دینی و سیاسی، وەک ئەوەی ئیستا لە عێراقدا لە ئارادایە. ئالودە بوون بە دەمارگیری رەورەوەی ژیان ئاڵۆز دەکات و رق و قین بەرهەم دێنێت. پەروەردەکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا بە عەقڵی رەخنەیی، گیانی یەکتر قبوڵکردن و بە مرۆڤ دیتنی یەکتری ئەرکی رۆشنبیران و حیزبەکانە.
ئەرکی ئیمەیە لە جیاتی پەلاماردانی حکومەت بە تەنیا، جاروبار پەلاماری رەفتارە – نا دروستەکانی کۆمەڵگاش بدەین. لەجیاتی دیاریکردنی بەرپرسیاریەتی حکومەت بە تەنیا جاروبار بەرپرسیاریەتی تاک و بەرپرسیاریەتی جڤاکی بەبیر کۆمەڵگادا بێنین. باس کردن لە یەک لایەنی هاوکێشە مرۆڤی دەمارگیر پەروەردە دەکات.