پله‌ی گه‌رما زۆر به‌رزده‌بێته‌وه‌ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش رێنمایی بڵاوده‌كاته‌وه‌

خواكوڕك

وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تی ھەرێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی په‌له‌كانی گه‌رما له‌ شاره‌كانی هه‌ریمی كوردستان،ھۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و چەند رێنماییەك دەخاتەڕوو بۆ خۆپاراستن له‌ تیشكی خۆ و گه‌رماكه‌ی.

وەزارەتی تەندروستی هه‌رێمى كوردستان راگەیاندوه‌”بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و شەپۆلە یەک لەدوای یەکەکانی گەرما، جگە لە هەراسانکردن و نائارامی، مەترسییەکی زاندراوی تەندروستی گشتییە و کاریگەريی تەندروستيی جۆراوجۆری هەیە لە بوورانەوە، پەڵەی پێست و ژانی ماسوولکە، لەگەڵ شەکەتبوون و خۆربردن”.
له‌ راگەیەندراوەكەی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی دا ھاتووە: “سەرەتای کاریگەری گەرما، بە ئارەقکردنێکی زۆر، ناڕەحەت بوون، بێهێزی، گێژبوون، سەرئێشە، ژانی ماسولکەکان دەستپێدەکات، دواتر دەبێت بە هێڵنج و رشانەوە و بوورانەوە ( شەکەت بوون بە گەرما )، دواتر ئەگەر چارە نەکراو بەردەوام بوو دەچێتە قۆناغی لەناکاوی پزیشکی ، کە مەترسیدار و کوشندەیە ( ئەگەر زوو چارە نەکرێت ) پێی دەگوترێت ( خۆر لێدان )، لەم قۆناغەدا کەسەکە چیتر ئارەقە ناکات، لاشەی وشک و گەرم و سوور دەبێتەوە، ئاگا لەخۆبوونی نزم دەبێت و دەچێتە قۆناغی بێ هۆشی و هەناسەسواری”.
به‌پێى راگه‌ياندراوه‌كه‌ى وەزارەتی تەندروستی: “زۆر گرنگە لەگەڵ گەرما بوون، ئەو نیشانانە زوو بناسینەوە و چارەی بکەین لە شوێنی خۆمان یان سەردانی فریاکەوتنەکان بکەین لە کاتی پێویست. هەمووان مەترسی تووشبوون بە زیانەکانی گەرمایان له‌سه‌ره‌، بەڵام منداڵان و بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشیە درێژخایەنەکانیان هەیە، مەترسیان زیاترە، چاودێریکردنی زیاتریان پێویستە لە کاتە گەرمەکاندا”.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی تەندروستی چەند رێنمایییەكى بۆ خۆپاراستن لە گەرماخستۆته‌ڕوو.

بۆ خۆپاراستن رەچاوی ئەم رێنماییانە بکە :
– کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ تا چواری عەسر، خۆت بەدوور بگرە لە چوونە بەرخۆر، بۆ هەر مەبەستێک بێت.
– ئاو و شلەمەنی زیاتر بخۆوە.
– رۆژانە جارێک خۆت بشۆ.
– خواردنی میوە زیاد بکە و دوور کەوە لە خواردنە تیژەکان.
– جلوبەرگی رەنگ کاڵ و تەنک و فراوان لەبەر بکە.
هەوڵدە لەشوێنە سێبەر و فێنکەکان بمێنیتەوە.
– کاتێک کەسێک تووشی شەکەتبوون یان خورلێدان دەبێت گرنگە دەستبەجێ هاوکاری بکەیت بە :-
– بیگوازەوە شوێنێکی سێبەر و فێنک.
– هەوڵی ساردکردنەوەی بدە بەڕێگەی تەڕکردنی یان داپۆشینی بە پەڕۆیەکی تەڕ.
– بڕێک ئاوی ساردی پێبدە.
– ئەگەر، زۆر گەرم ببوو و نزیک بێ هۆشبوون بوو، دەکرێت پارچەی بچووکی بەفر لەژێر باڵی دابنێیت، لەشوێنێکی سێبەر و فێنک چاودێری بکە تاوەکو دەیگەیێنیت بە نزیکترین نەخۆشانەی فریاکەوتن یان پەیوەندی بکە بە هێڵی فریاکەوتنی خێرا 122.

Back to top button