ئێران و تورکیا و سعودیە، ئەمریکا و روسیا.

نیاز حاجی
 
خوێندنەوەیەکی شیکاریە بۆ جموجۆڵ و گۆڕانکاری و روداوەکانی ناوچەکە لە ئێستا و ئایندەدا .
_________________________
ئێران و تورکیا و سعودیە لەوە دڵنیا بونەتەوە کە عێراق و سوریا لە دوا قۆناغەکانی دابەشبوندان ، لەوەش دڵنیان کە ئەو بومەلەرزەی دابەشبونە ، سەرتاپای ناوچەکە دەگرێتەوە و درزەکانی دابەشبوون و لێکترازان بە ئاراستەی ئەوانیش دەروات ……
عێراق و سوریا ، هەردوکیان حزبی بەعس تێیاندا دەسەڵاتدار بوو ، پرۆسەی دابەشبونی عێراق ، لەگەڵ داگیرکردنی کوێت دەستی پێ کرد ، سوریاش لەگەڵ روداوەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ۲٠۱۱ ، واتا پلانی دابەشبوون لە یەکێکیان پێش ئەوی تر دەستی پێ کرد ، ئێستا هەردوو وڵات لە دوا قۆناغەکانی دابەشبووندان .
بەهەمان شێوە ئەم دابەشبونە بە ئاراستەی ( ئێران و تورکیا و سعودیە ) دەروات ، هەرسێ وڵات هەستیان بەو پیڵانە کردوە ، ململانێی و هاوپەیمانی ئەو سێ وڵاتە نێوان خۆیان و لەگەڵ وڵاتانی تر ، لەسەر ئەوەیە کە چ یەکێک لەو سێ وڵاتە پێش ئەوەی تر دۆخی ناوخۆیی تێکدەچێ و دواتر دابەشدەبێت .
سیاسەتی هەردوو حزبی دیموکرات و کۆماریەکان بەرامبەر ناوچەکە ::
______________
هەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتەکان لە ئەمریکا هاوران لە سەر ئەوەی کە دەبێ دوای سەد ساڵ لە سایکسپیکۆ پێویستە نەخشەی ناوچەکە جارێکی تر دابرێژرێتەوە و گۆڕانکاری لە سنورەکانی بکرێت ، جیاوازی نێوانیان تەنها ئەوەیە کە چۆن و لە کوێوە دەستی پێ بکرێت ، هەروەها چۆن لەگەڵ وڵاتانی زلهێز رێک دەکەون بۆ دەست پێ کردنی .
ئەگەر سەرنج بدەین ، دیموکراتەکان سیاسەتیان وایە ، کە جدی نین لە چارەسەر کردن و یەکلایی کردنەوەی کێشەکانی ناوچەکە ، ئارەزویان ئەوەیە کە سەرجەم کێشەکان بە هەڵواسراوی بمێننەوە ، عێراق و سوریا و یەمەن نمونەن لە بەردەستماندایە .
هەرچی کۆماریەکانە پێیان وایە بۆ مسۆگەر کردنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا ، پێویستە بە هێز دەستێوەردان بکرێت زوو کێشەکان یەکلایی ببنەوە ، نمونەش ئازادکرنی کوێت و لێدانی عێراق و ئەفغانستان .
سەبارەت بەو سێ وڵاتەی باسمانکردن ( تورکیا و ئێران و سعودیە ) ، دیموکراتەکان سیاسەتیان وایە کە پرۆسەی دابەشکردن سەرەتا لە تورکیا دەست پێ بکات و پاشان سعودیە و ئێران ، بەڵام کۆماریەکان پێچەوانەی ئەوە ، دەیانەوێت سەرەتا لە ئێران دەست پێ بکات پاشان تورکیا و سعودیە .
کۆماریەکان نارازین لەو رێکەوتنە ئەتۆمیەی کە دیموکراتەکان لەگەڵ ئێران ئەنجامیدا ، پێیان وایە پرۆسەی هەڵوەشانەوەی ئێران دوا دەخات ، هەر بۆیە چەند جارێک پاڵێوراوی کۆماریەکان ( تڕامپ ) ئەوەی راگەیاندوە کە رێککەوتنەکە یەکلایەنە هەڵدەوەشێنێتەوە .
کاتێک لە ئەمریکا دیموکراتەکان لە دەسەڵاتن ، ئەمریکا و بەریتانیا( ئیسرائیلیش ) پلان و بۆچونەکانیان زۆر نزیکن لەیەکەوە و لە زۆر بابەتدا سیاسەتیان نزیکی یەکترە ، بەڵام ئەو نزیکیە لەوکاتەی کە کۆماریەکان لە ئەمریکا لە دەسەڵات دەبن کەمتر دەبینرێت .
هەمومان لەبەرچاومانە کە ئێستاش لە بەریتانیا رەخنە لە (تۆنی بلێر) دەگیرێت کە لە پرۆسەی لێدانی عێراق پشتگیری لە جۆرج بۆش کرد کە سەر بە کۆماریەکان بوو .
ئەوە بۆ روسیاش راستە ، کاتێک دیموکراتەکان لە دەسەڵاتن ، ئەمریکا لێکتێگەیشتنی زیاتری لەگەڵ روسیا هەیە ، بەڵام ئەو لێکتێگەیشتنە لە کاتی دەسەڵاتی کۆماریەکان لە ئەمریکا نابینرێت ، ئەگەر سەیری روداوەکانی سوریا و عێراق بکەین بە تەواوی ئەو بابەتەمان بۆ رون دەبێتەوە .
بەریتانیا کاریگەری زۆری لەسەر سیاسەتی ئەمریکا هەیە لەو کاتەی دیموکراتەکان لە دەسەڵاتن ، ئەو کاریگەریەش بە هۆی (لۆبی جولەکە)وە بەسەر دیموکراتەکانەوە دروست بووە ، بەرژەوەندیەکانی بەریتانیا لە ئێراندا تەواو فەراهەم و پارێزراون بۆیە بەردەوام بەریتانیا لە هێڵی پشتەوەی بەرگری کردن لە ئێران دەدۆزرێتەوە ، هەر ئەوەشە ، هۆکاری ئەوەی کە دیموکراتەکان دەیانوێت هەڵوەشانەوە و دابەشبونی ئێران بخەنە دوای دوو وڵاتەکەی ترەوە( تورکیا و سعودیە) .
سەبارەت بە ئێران و تورکیا ، روسیا رۆڵی یەکلایی کەرەوە دەگێرێت کە کاوەیان زووتر پرۆسەکەی تێدا دەست پێ بکرێت ، بۆ روسیا گرنگی تورکیا لە گرنگی ئێران زیاترە ، شەری سوریا و خستنە خوارەوەی فرۆکە روسیەکە بۆشایی و ململانێکانی تورکیا و روسیای زیاتر کرد ، ئێران توانی سود لەو بۆشاییەی نێوانیان وەربگرێت بە ئالۆزکردنی دۆخی ناوخۆیی تورکیا لە رێی داعش و پەکەکەوە .
تورکیا لە هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکا بێ ئومێد بوو کە وەک پێویست لە پشتیەوە نەوەستان لە کاتی هەرەشەکانی روسیا دوای خستنە خوارەوەی فرکە روسیەکە ، هەروەها بۆ چونە ناوەوەی یەکێتی ئەوروپا و ناوچەی شنگن ، بە هەمان شێوە تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا بێ ئومێد بوو ، زیانی ئابوری زۆریشی بەرکەوت دوای سزاکانی روسیا .
روسیاش بەهۆی تێکچونی پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا زیانی زۆری ئابوری بەرکەوت هەروەها ئێران نەبووە ئەو وڵاتەی شوێنی تورکیای بۆ بگرێتەوە ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی و بەرژەوەندیەکانی روسیا لە کەنداوی عەرەبی بەتایبەت سعودیە ، بۆیە هەردوو وڵات ( روسیا و تورکیا )خوازیار و لە بەرژەوەندیاندا بو کە بەسەر ئالۆزیەکانی نێوانیاندا زاڵ بن .
لە نزیکبونەوەی تورکیا و روسیا ، ئێران زیانمەندی یەکەمە ، گوشارەکانی دەرەوە و ناوخۆ لە چەندین روەوە لە سەر تورکیا کەم دەبنەوە ، هەر بۆیە دوای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ روسیا ، وەزیری دەرەوەی ئێران خێرا گەیشتە ئەنقەرە و هەر لەوێ ڕایگەیاند کە پەکەکە تیرۆریستە ، ئەو هەلوێستەی ئێران هەوڵێکە بۆئەوەی تورکیا دەست لە دەستێوەردانەکانی هەڵگرێت لە ناوخۆی ئێران .
کەواتە لێرەدا دەگەین بەو دەر ئەنجامەی کە جگە لە هەردوو حزبەکەی ئەمریکا( دیموکرات و کۆماریەکان) ، روسیا رۆڵی یەکلایی کەرەوە دەگێرێت لە پێشبرکێی ئالۆزبونی دۆخی ئێران و تورکیا یەکیان پێش ئەوی تر . هەر بۆیەشە روسیا دەستی بە کردنەوەی بنکەکانی کردوە لە چەند شوێنێکی ئێران بە بیانوی شەری داعش چونکە دەزانێت لە ئەگەری هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماریەکان قۆناغی گوشارخستنە سەر ئێران بە کردەوە دەست پێ دەکات .
هەڵمەتی پێشبڕکێی هەڵبژاردنی هیلاری کلنتۆن و تڕامپ ::
___________________________________________
لە سەرجەم لێدوان و دیبەیت و گوتارەکانی هیلاری کلنتۆن ، هەست بە خۆ پارێزیەک دەکرێ لە تیشک خستنە سەر ئێران و هەڵویست وەرگرتن لە سەری ، بە پێچەوانەوە ، هیچ لیدوان و گوتار و دیبەیتێکی ( دۆناڵدا تڕامپ) نابینی باس و هێرشکردنە سەر ئێرانی تێدا نەبێت ، کورتەی هەڵوێست و لێدوانەکانی ( تڕامپ ) بە بەردەوامی لەم چەند تەوەرەی خوارەوە دوبارە دەبنەوە ::
((……
گەشە سەندنی داعش بەهۆی بڕیارە هەڵەکانی ئۆباما و هیلاریەوە بووە .
ئیدارەی ئێستا کۆمەڵێک بڕیاری هەڵەی داوە سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەراست .
ئێران وڵاتێکە پشتگیری تیرۆر دەکات بۆ تیکدانی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست .
ئەو پارانەی ئێران بەهۆی رێککەوتنە ئەتۆمیەکەوە لە ئۆبامای وەردەگرێت ، بەکاردێت بۆ پشتگیری کردن لە تیرۆر .
نابێ رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتێکدا بکرێت کە پشتگیری تیرۆر دەکات )).
هەلویستی ( تڕامپ ) سەبارەت بە کودەتاکەی تورکیا بریتی بوو لە ئاشکرا کردنی ئەوەی کە چەند ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە پشتی کودەتاکەوەن . ئەمەش ناراستەوخۆ پشتگیری کردن لە ئەردوغان دەگەیەنێت .
کەواتە لە ئەگەری هەڵبژاردنی ( تڕامپ ) وەرزی دەستبڕینی ئێران لە ناوچەکەدا دەست پێ دەکات هەر لە سوریاوە بگرە تا عێراق و هێز و گروپەکانی سەر بە ئێران تادەگات بە ناوخۆی ئێران .
سەردانی ئەردوغان بۆ روسیا ::
_______________________
سەردانی ئەردوغان بۆ روسیا بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵاتە ، نە لەسەر حیسابی ئەمریکایە و نە لەسەر حیسابی ئەوروپایە و نە لەسەر حیسابی هەرێمی کوردستانیشە ، هیچ مەترسیەک لەو سەردانەدا بەدی ناکرێت بۆ گۆران لە هەلویستی تورکیا سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ، نەک تەنها تورکیا ، تەواوی وڵاتانی جیهان بە ئێرانیشەوە ئەو قەناعەتەیان لەلا دروست بووە کە هەرێمی کوردستان جارێکی تر بە عێراقەوە نالکێتەوە ، دابەشبونی عێراق و سوریا بابەتێکی حەتمیە و گەڕانەوە بۆ یەکپارچەیی قبوڵ ناکات ، ئەوەی ماوەتەوە بریتیە لەوەی کە ئەو وڵاتانە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هەرێمەدا دەکەن و بەرژەوەندیەکانی خۆیان تێیدا چۆن دەپارێزن .
راستە دوای سەردانەکەی ئەردۆغان ، ئەگەر زۆرە گوشارەکان بۆ سەر پەکەکە زیاتر ببن بەوەی کە بگەرێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی .
لە رۆژ ئاوای کوردستانیش لە ساڵی ۲٠۱۷ دا بینەڕی گۆرانکاری گەورە دەبین ، جا ئایا پەیەدە خۆی دەگۆڕێت یان روبەڕوی ڕاپەرینی جەماوەری دەبێتەوە ، روسیاش لەم ناوچەیەدا بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا دەپارێزێت و پێدەچێ لەگەڵ ئەمریکاش رێککەوتبێت بۆ ئەم مەبەستە ، لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان (هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەمریکا) ئەوە بەدیار دەکەوێت کە ئەو ناوچەیە دەکەوێتە ژێر هەژمونی ئەمریکا ، بەمەش پەیەدە ناچار دەبێت لە ئێران دورکەوێتەوە و زەمینەی فرەیی و ئازادی بۆ هێزەکانی تری رژئاوا برەخسێنێت .
وڵاتانی میحوەری شەر ::
___________________
دوای هێرشەکانی ۱۱ی سێپتەمبەر ، یەکەم جار لەوتارێکیدا لە ۲٠٠۲/۱/۲۹ جۆرج بۆش ، وڵاتانی میحوەری شەری دیاری کرد کە سێ وڵات بوون ( ئێران ، عێراق ، کۆریای باکور ) .
لە ۲٠٠۲/۳/٦ جۆن بۆڵتۆن نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان ( لیبیا و سوریا و کوبا ) بۆ زیاد کرد .
ئەگەر ورد بینەوە لەیەکەم دەستنیشانکردندا ، جورج بۆشی کۆماریەکان ناوی ئێران و عێراقی هێناوە ، لەلایەن جۆن بۆلتۆنیشەوە ناوی سوریا هێنراوە ، دەبینین کە ئێستا سوریا و لیبیا و عێراق لە چی دۆخێکدان ، تەنها ئێران ماوەتەوە ، ئەگەر کۆماریەکان دەسەڵات بگرنەوە دەست ، ئەوا ئێران دەخەنە ناو هۆڵی نەشتەرگریەوە .
کۆتایی عێراق ::
____________
رژێمی بەعس دوای داگیرکردنی کوێت لەساڵی ۲٠٠۳ کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا ، بەڵام عێراق وەک دەوڵەت وەک خۆی مایەوە ، لە ساڵی ۲٠٠۳ تا ۲٠۱٤ ئەم دەوڵەتە بەردەوام نەخۆش و لە ژێر نەشتەرگەری دابووە ، لە دوای ساڵی ۲٠۱٤ەشەوە تاکو ئێستا دوای هاتنی داعش ، خراوەتە ژوری ئینعاشەوە و لە مردنێکی ( سریری ) دایە ، لەگەڵ هەڵمەتی ئازادکردنەوەی موصڵ کە بڕیارە لە دوو مانگی داهاتوو دەست پێ بکات ، مردنی یەکجاری ئەو دەوڵەتە رادەگەیەنرێت چونکە سەرجەم ئاراستە دژ بەیەکەکان لە وڵاتانی هەرێمی و زلهێز و هێز و گروپەکان ، دژ بەیەکتری دەبنەوە .
شەڕی ساردی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا ::
________________________________
ئەوەی لە ناوچەکەدا روو دەدات لە بەهاری عەرەبی و ئینقیلابەکانی میصر و تورکیا ، دەرهاوێشتەی بونی شەڕکی ساردی رانەگەیەنراوی نێوان ئەمریکا و بەریتانیایە( یەکەم جارە ئەو دەستەواژەیە بەکاردەهێنرێت ) ، راستە لە ۸ ساڵی رابردوودا لە بەر ئەوەی دیموکراتەکان لە ئەمریکا لە دەسەڵات بوون (چونکە سیاسەتی ئەوان وەک لە پێشتر باسم کرد تا رادەیەک نزیکە لە سیاسەتی بەریتانیا) ، ئاستی ئەو جەنگە ساردە رانەگەیەنراوە بەرز نەبوە و هەستپێ نەکراو بووە ، بەڵام لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆماریەکان لە هەڵبژاردنەکانی ۲٠۱٦/۱۱/٦ ی ئەمریکا ، ئەو جەنگە ساردەی نێوانیان بۆ ئاستی بەرزتر هەنگاو دەنێ .
لەبەر ئەوەی یەکێک لە دارێژەرانی نەخشەی سایکسپیکۆ بەر لە سەد ساڵ وڵاتی بەریتانیا بووە ، بۆیە بەریتانیا ئارەزوو ناکات دەستکاری ئەو نەخشەیە بکرێت ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا دۆخی ناوچەکە تەواو لەدەست دەرچوە ، بۆیە بەریتانیا دەیەوێت بە گوێرەی بەرژەەندیەکانی خۆی دابەشبکرێ ، (من پێم وایە بەریتانیا دەیەوێت ناوچەکە لەسەر بنەمای کانتۆن دابەشبکرێتەوە نەک هەرێم ) ، بەڵام ئەمریکا کار بۆ ئەوە دەکات ناوچەکە لەسەر بنەمای نەتەوەیی دابەشبکرێتەوە ، هەر ئەوەش جیاوازی تێروانینی نێوان ئەو دوو زلهێزەیە بەرامبەر ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێ . لێرەدا روسیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا رۆڵی یەکلایی کەرەوە دەبینن لە نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیەدا .
پێدەچی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ، وا بکات کە وڵاتانی ئەوروپا زیاتر بەلای هەڵبژاردەی ئەمریکاوە بچن .
کاتێک لێرەدا باسی بەریتانیا دەکەم ، مەبەستم وایە کە ئیسرائیلیش هەمان بەرنامەی هەیە .
Back to top button