دادپەروەریی بۆ کورد

بێرنارد هێنری لێڤی

ساردیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر گشتپرسی 25ی ئەیلوول بۆ سەربەخۆیی کوردستان، گرەوێکە لەسەر شەرمەزاری و بێمانایی و هەڵەیەکی مێژوویی.

لێرەدا باسی گەلێک دەکەین کە راگوێزراون، بەزۆر تەعریبکراون، کیمیاباران کراون و پاڵ پێوەنراون بۆ چیاکان، لەوێش سەدەیەکی رێک خۆڕاگرییەکی نموونەییان نواند بەرامبەر ئەو کەسانەی دەیانویست بەزۆر و بەپێچەوانەی جوگرافیا و مێژووەوە خۆیان بەسەر کورددا بسەپێنن.

وڵاتی کوردەکان ناوچەیەکە کە دواجار لەدوای هەرەسهێنانی سەددام حسێن ئۆتۆنۆمییان بەدەستهێنا، هەرێمێک کە لەکاتی هاتنی تسونامی داعش بۆ میزۆپۆتامیای دێرین لە ساڵی 2014 و هەڵهاتنی سووپای عێراق، یەکەم کەس بوون هێرشی پێچەوانەیان رێکخست. لەو کاتەشەوە کورد لە سنوورێکی هەزار کیلۆمەتریدا بەربەرییەکانیان راگرتووە و کوردستان و عێراق و شارستانێتی هاوبەشمانیان پاراستووە.

جارێکی دیکەش هەر کورد بوون کە پێش شەڕی موسڵ هێرشیان کردە سەر دەشتی نەینەوا و بە ئازایەتی خۆیان دەروازەی شارەکەیان کردەوە، تاوەکو هاوپەیمانان بتوانن لەناو دڵی داعش بدەن.

بەڵام ئێستا کە کاتی یەکلاییکردنەوە هاتووە، لەبری سوپاسکردن، جیهان، بەتایبەت ئەمریکا، بەڕەشبینیەوە پێیان دەڵێن: “هاوڕێیانی کورد ببورن، ئێوە زۆر بەسوود بوون لە روبەڕووبونەوەی تیرۆری ئیسلامیی، بەڵام کاتەکەتان نەگونجاوە. چیدی پێویستمان پێتان نییە. بۆ ناڕۆنەوە بۆ ماڵەوە؟ جارێکی دیکە سوپاس. دەتانبینیەوە.”

دەگوترێ کە گشتپرسی سەرنج لەسەر جەنگی هاوبەشی دژی داعش ناهێڵێ و کار دەکاتە سەر هەڵبژاردنەکانی ساڵی ئایندەی عێراق، بەڵام هەموون دەزانن، مەگەر نەیانەوێ دانی پێدابنێنن، کە لایەنی سەربازیی جەنگەکە بەئازادبوونی موسڵ کۆتاییهات. هەروەها، کێ گەرەنتی ئەوە دەدات کە هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێ و دواناخرێ لەکاتێکدا کە داوا لە کورد دەکەین گشتپرسییەکەیان دوابخەن؟

چاودێران دەڵێن کە کوردستانێکی سەربەخۆ سەقامگیری ناوچەکە دەخاتە ژێر مەترسی، وەک ئەوەی سووریا کە لەجەنگدا نوقم بووە، عێراقێکی پووکاوە و دەستکردی بەریتانیا لەگەڵ ئێرانێکی پاوانخواز لە هەڕەشەی کوردستان گەورەتر نەبن، کە عیلمانی و دیموکراتە و دۆستی رۆژئاوایە و پەرلەمانی هەڵبژێردراو و میدیای ئازادی هەیە.

قسەکەران دەڵێن سەربەخۆیی هەڕەشە لەیەکپارچەیی عێراق، ئێران، سووریا و تورکیا دەکات، ئەو وڵاتانەی کە کوردیان تێدا بڵاوە، وەک ئەوەی نەزانن کە گشتپرسی تەنها پەیوەستە بەکوردانی عێراق کە هیچ ئارەزوی دروستکردنی کوردستانێکی گەورەیان نییە لەگەڵ براکانیان لە تورکیا، و سووریا کە ئایدۆلۆجیا مارکسییەکەیان لەگەڵ ئەوەی کوردانی عێراقدا یەکناگرێتەوە.

رەنگە بپرسن ئەی کاردانەوەی سوپای پاسدارانی ئێران چی دەبێ؟ یان هەڕەشەی بەڕێز ئەردۆغان بۆ داخستنی ئەو بۆرییەی هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بۆ جیهانەوە؟ سەبارەت بەو لایەنە، پێموایە کاری رۆژئاوا نییە خۆی بکات بە گوتەبێژی دوو دیکتاتۆرییەت کە رقیان لێمانە. بۆ دەبێ هەڕەشە کردن لە دراوسێکەت سەرکۆنە بکرێ، کاتێ کە پیۆنگیانگ دەیکات، بەڵام ئاسایی بێ کاتێک تاران و ئەنقەرە ئەو کارە دەکەن؟

هەموو ئارگومێنتێک بۆ دواخستنی گشتپرسی ئەوپەڕی لاوازە. لەخەونێکی ناخۆشی ئۆروێڵی دەچێ یان فێستیڤاڵێکی بێمتمانەیی کە تێیدا هەموو ئارگومێنتەکان دەبنە دژیەک. ئایا کورد خۆیان نەکرد بە دوورگەی دیموکراسی و ئاشتی سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگە سێ ساڵ بوو مووچەی وەرنەگرتبوو؟ شارەزایان لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵیۆزخانەکان دەڵێن ئەوە بەسە، وەک ئەوەی بەڕاستی تێنەگەن بۆچی کورد دەیەوێ لە ئۆتۆنۆمییەوە بڕۆن بۆ سەربەخۆیی. کورد نەوتی کەرکوکی کۆنتڕۆڵ کردووە؟ لەبری ئەوەی بەشتێکی باشی ببین کە گەرەنتی داراییان دەداتێ بۆ دروستکردنی وڵاتەکەیان، چاودێران تەنیا چاوی تەمایان لەداهاتی ئەو سەرچاوەیەیە. کاتێکیش دوو حیزبەکەی بارزانی و تاڵەبانی هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگ دەدەن کە لەهەموو جێیەکی دنیا وەک لایەنێکی تەندروستی مەدەنییەت دەبینرێ، لێرە لەناکاو وەک دوبەرەکیی دەبینرێت.

جارێکی دیکە گوێمان لە هەمان ورتەی کۆنی کۆلۆنیالی دەبێ کە گوایە گەلێک ئامادە نییە بۆ خۆبەڕێوەبردن، جارێ پێنەگەیشتوون و ماویانە.

ئەمە تراژیدیایەکە کە تووشی ئەو گەلانە دەبێ کە وەک جەنرال دیگۆل دەڵێ (باش دەزانین لەکوێش ئەو قسەیەی کرد) کە دۆستیان نییە. بەڵێ، ئەرکی خۆتان ئەنجامدا و بەڵێنتان پێدرا و تەنیا ئێوە بوون لەنێوان ئێمە و بەربەرەکاندا راوەستان، بەڵام ئێستا کە کاتی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانە، خۆدزینەوە دەستپێدەکات. “کاتەکەی نەگونجاوە، بەشێک نەبوو لە پلان، جیهان ئەجێندایەکی دیکەی هەیە و بەداخەوە ئێوە بەشێک نین لێی”.

20 ساڵ لەمەوبەر شاهیدی بارودخێکی هاوشێوە بووم لە کۆتایی شەڕی بۆسنە. هێزی حەوتی سوپای سەرایڤۆ نەک هەر خەریک بوو شارەکانی بۆسنەی ئازاد دەکرد، بەڵکو خەریک بوو وڵاتەکەی یەک دەخستەوە و شەقاوەکانی رادۆڤان کارادیج و میلۆسۆڤیج خەریک بوو خۆ بەدەستەوە بدەن. خەریک بوو ئاشتی و دادپەروەری بەدەست بێت. بەڵام لەوکاتەد ویلایەتە یەکگرتووەکان ئیستۆپی گرت. لەژێر چاودێری باڵێۆز ریچارد هۆڵبرۆک لەبنکەی ئاسمانی رایت-پاتەرسن لەدەیتنی ئۆهایۆ، ئەمریکا سڕبیای هێرشکار و کرواتیای ناوبژیوان و بۆسنەی قوربانیی کۆکردەوە (هەڕەشەی لە بۆسنە کرد کە چارەنووسی دەدرێتە دەست خۆی ئەگەر پابەند نەبێ). بەمشێوە زۆر لە سەرۆک ئەلیجا ئیزێبتاگۆڤیج کرا کە دۆستی رۆژئاوا بوو، کرایە قوربانیی و ئاشتییەکیان دروستکرد کە هەتا ئەمڕۆش هەر ناجێگیرە.

هیوادارم سیناریۆ و دەرەنجامی ناخۆشی لەوشێوەیە دووچاری کورد نەبن. هیوادارم رزگاربووانی هێرشی کیمبارانی سەددام حسێن بتوانن لە بەرامبەر ترساندنەکاندا خۆڕاگر بن. هیوادارم جەنەرال دیگۆلیان لەیاد بێ کە ساڵی 1944 پلانی بەریتانی و ئەمریکیەکانی وەلاناو لەبری ئەوەی راستەوخۆ بڕۆن بۆ ناو ئەڵمانیا، سوور بوو لەسەرئەوەی کە پایتەختەکەی خۆی ئازاد بکات و ببێ بە بەشدار لە سەرکەوتنەکانی هاوپەیمانان.

گشتپرسی کورد شەڕەنگێزیی نییە، مافە، قەرزە. مافی گەلێکی مەزنە کە زۆریان بەخشیوە بە جیهان. هەتاوەکو دوێنی لەوانە بوون کە جووەکانیان دەپاراست و ئەمڕۆش پێشمەرگەیان داوینەتێ کە دوا کۆمەڵگای کریستیانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئازاد دەکەن و دەپارێزن. هەروەها چەندین  سەدەیە خاوەن ئیسلامێکی رۆشنگەرا بوون کە هەم لە رۆحدا و هەم لەبەرەی جەنگ باشترین وەڵامە بۆ ئیسلامی تووندئاژۆ. کاتی ئەوەیە جیهان لەگەڵ کورد راستگۆ بێ هەروەک چۆن ئەوان لەگەڵمان راستگۆ بوون.

*  فەیلەسووفی فەرەنسی سەردەم و بیرمەندێکی کاریگەرە لە بواری ئایین و کاروباری نێودەوڵەتی، هاوکات دەرهێنەری فیلمی پێشمەرگەیە

Back to top button