لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەبێت کوردستانیش هەبێت
عەلی عەونی
ساویلکەیی و نەزانییە ئەگەر هزر بکەین، پەلامارەکانی دەوڵەت و حکومەتی عێراق بۆ سەر کوردستان لە ئەنجامی بەڕێوەبردنی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بوو. بە پێچەوانەوە سازدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕزگارکردنی سەرمایەی نەتەوەیی بوو، پێش هەڵکردنی تۆفانی پەلاماری حکومەتی عێراق.
هیچ پێویست ناکا ئێمە سەرکۆنەی خۆمان بکەین، ئەم شەڕە وەک هی حکومەت و دەسەڵاتەکانی پێشتر ڕووی دەدا. خۆ لەگەڵ پاشای عێراق و عەبدولکەریم و سەدام و. مالیکیش ئێمە ڕیفراندۆممان نەکردبوو !
ئەوەی ئەوروپی و ئەمریکاییەکان دەری دەبڕن لەسەر هەڵەی ئێمە لە بارەی ڕیفراندۆم، تەنیا بۆ پاک کردنی دەروونی خۆیانە و بۆ ئەوەیە لە جیاتی ئەوەی ئێمە دەست بدەینە خۆڕێکخستنەوە و ئامادە بوون بۆ تێکۆشان، دەست بکەین بە یەکتری تۆمەتبار کردن و وازهێنان لە ئامانجی سەرەکی. بەش بە حاڵی خۆم هەرگیز پەشیمان نیم لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، دەنگی خۆم بە بەڵێ داوە و بەرگریش لە دەنگی خۆم دەکەم.
گەلی کوردستان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هیچ ڕیفراندۆمی نەکردووە ئەو ستەمەی لە گەلی ئێمە دەکرێت لە بەشەکانی دیکەی داگیرکراوی کوردستان زۆر گەورەتر و نامرۆڤانەترە.
لێدوانەکانی مالکی و بەرپرسانی حەشدی شیعی لە ساڵانی ڕابردوو دەرخەری ئەو ڕاستیەن. جێبەجێ نەکردنی دەیان مادەی دەستوری عێراق ئەوە نیشان دەدات کە لە سەرەتاوە حکومەتی تائیفی شیعە لە عێراق نیاز پاک نیە.
گلەیی و گازاندە و هاواری سەرۆک بارزانی نەک نەیتوانی حکومەتی عیراق بێنێتە سەر هۆشی خۆی، بەڵکو ئەمریکا و ئەوروپاش بە پێکەنینەوە سەیری ئەم گازاندە و ململانێیەیان دەکرد. ئەمانە هەمووی لە لایەک، حیزب و هێزە سیاسییەکانی ناوخۆش بە دیاریکراوی گۆڕان و کۆمەڵ و بەشێک لە یەکێتی دەیانگووت سەرۆک بارزانی کێشەی شەخسی لەگەڵ مالکی هەیە.
بۆ بەبیرهێنانی کوردستانیان دەڵێم خۆ عەرەبە سوننەکان داوای سەربەخۆییان نەکردبوو، ئەوان دڵی ئەوروپا و ئەمریکاشیان نەشکاندبوو، لەسەرتادا ئەوان تەنیا داوای خزمەتگوزاری و دادپەروەرییان دەکرد، لەبەرچاوی دونیای پێشکەوتوو، سەرانسەری شارەکانی سوننە وێران کران و بەدەیان هەزار کەس کوژراو و بریندار و ماڵوێران کران. ئەم شەڕەی ئێمە بۆ ئەوەیە، ئەو دەسەڵاتەی بەشی سوننەی عێراقی داگیر و وێران کرد، هەمان شت بەسەری کوردستان نەهێنن . هێدی هێدی لە کەرکوک دەستیان داوەتە توند و تیژی و ڕۆژانی ئایندە نیشان دەدات کە دەست بە ڕەشبگیری و کوشتن و بڕین و کۆچاندنی کورد و نیشتەجێ کردنی عەرەب دەکەن لە شارەکە، ئەو وێنانەی لە کەرکوک و خورماتو بە ئێمە دەگەن وای نیشان دەدەن.
من بە باشی دەزانم لەسەر ئاستی هەریمی کوردستان هەموو هیز و لایەنە سیاسییەکان بە بێ جیاوازی، هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ بارودۆخەکە بکەن وەک چۆن هەیە، نەک وەک چۆن ئەوان ئارەزووی دەکەن. دوای ئەوە پێکەوە ستراتیژی کوردستان بۆ ئایندە دیاربکەن.
دیارە کورد لە خۆخۆریدا و لە یەکتر قبوڵنەکردندا نمونەی هەرە قێزەونی گەلانی دونیایە، ئێمە ناتوانین لە ژێر چەتری ڕێبەری بەهێز و هێزی مەقبول کۆ ببینەوە. کەواتە باشترە ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ڕێبەرانی کوردستان دروست ببێت و هەموو لایەک بەرپرسیارێتی وەربگرێت. مەبەستم ئەوەیە پلورالیزمی ڕێبەرایەتی لە مەجلیسێکدا بێتە گۆڕێ.
لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە ئەنجومەنی ڕێبەرایەتی بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردستان دابمەزرێت، چونکە هەست دەکرێت گەلە کۆمەیی هەر چوار وڵاتەکە بەڕێوەیە و ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە.
دیاسپۆرای کوردستان هوشیاری و فیداکاری خۆی سەلماند و ئامادەیی جیدی هەیە لە خۆپێشاندان و داواکردنی مافەکانمان و پشتگیری کردنی کوردستان. لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت هەوڵە دیپلوماسییەکانمان چڕ و بەردەوام بکەین، بەڵام نابێت زۆر هیوامان بە ئەمریکا و ڕووسیا و ئەوروپا هەبێت، پێویستە ڕوحی بەرگری و ئازادیخوازی بچێتە ناو ناخی هەموو تاکێکی کوردستاندا و ئامادەی قوربانیدان بین، هیچ دەوڵەتێک بە خۆشی لە دایک نەبووە، یا ئازاد دەبین و یا ئەوانیش نابێت ئارام بن.