ئهوهی لهسهر فۆتۆگرافی و مێژووی سەرهەڵدانی نهتزانیوه ئێستا بیزانه
فۆتۆگرافی: بریتییە لە هونەری چرکاندنی وێنەی فۆتۆگرافی. چەندین پێناسەی بۆ کراوە لە باوترینیان دەتوانین بڵێین: فۆتۆگرافی بریتییە لە پڕۆسەیەکی هونەری، کە تێیدا وێنەی هەستیاری شتەکان دەگرێت لە ڕێگەی کردارێکی کیمیایی ڕووناکی یاخود جۆرەکانی دیکەی وزە یان تیشکەکانی ئێکس (X) و گاما و تۆزی گەردوونی.
وشەی فۆتۆگرافی “Photography” وشەیەکی لێکدراوە پێکهاتووە لە وشەکانی “PHOTO” بەمانای “ڕووناکی” و “GHRAPHOS”بە مانای “نووسین” دێت، کە لە دوو وشەی یۆنانی وەرگیراون. کەواتە فۆتۆگرافی بە مانای نووسین دێت بەهۆی ڕووناکی.
ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەینەوە دەبینین تەنانەت پێش دروستکردنی کامێراش ئەم هونەرە هەبووە، خەڵکی وێنەیان لەسەر کاغەز، بەرد، یاخود دیوار کێشاوە. زۆربەی سەرچاوە عەرەبییەكان مێژووی دۆزینەوەی كامێرای فۆتۆگرافی دەبەستنەوە بە یەكێک لە بیردۆزەكانی (حەسەنی كوڕی هەیسەم).
ئەم زانایە لەكاتی توێژینەوەكانیدا لە بارەی ڕۆژ گیران و مانگ گیران ( الكسوف والخسوف )، دیاردەیەكی بەدیكردووە لە كتێبی ( میزان الحكمە ) بە ڕوونی نووسیویەتییەوە، كە تاوەكو ئێستاش لە كۆلیژی ئەندازەی زانكۆی (عین شمس ) دەستنووسی ئەم بیردۆزەی پارێزراوە. لە بیردۆزەكەدا هاتووەو دەڵێت: ( ئەگەر هاتوو چەند تەنێك بەرامبەر كونێك بوون لە چەند شوێنێكی جیا جیادا، ئەو كونە لەسەر دیواری ژوورێكی تاریکدا بوو ئەوا دیمەنی ئەو تەنانە لە سەر دیواری بەرامبەر كونەكە وەكو خۆیان دەردەكەونەوە ). لێکوڵەرە ئەوڕوپییەکان ئەم دیاردەیە بۆ زانای گەورە (لیوناردۆ داڤنشی) دەگەڕێننەوە بەهۆی دروستکردنی “Camera Obscura”، کە لە وشەیەکی لاتینی سەرچاوەی گرتووە بە مانای “ژوورە ڕەشەکان” دێت. ئەم ژوورە تاریکانە پێکهاتوون لە شوێنێک لە شێوەی بۆکسێک، کە لە بۆشاییەکی داخراوی ڕەش پێکهاتووە، ڕووناکی لە دەرچەیەکی بچووکەوە تێدەپەڕێت، ئەم هۆکارەش وادەکات ئەوەی ڕوناکییەکە دەیبینێت تۆماری بکات، بەڵام ئەم وێنەیە بەشێوەی هەڵگەڕاوە(سەرەولێژ) دەردەکەوت.
لەگەڵ ئەوەی کامێرای ئێستا لەسەر هەمان بنچینە دروستکراوە، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر جیاواز.
فۆتۆگرافی لەسەردەمی ڕێنسانس (renaissance) لە ئەوروپا گرنگییەکی زۆری پێدرا هەتاوەکو دروستکردنی یەکەم کامێرا لەسەر دەستی داهێنەری فەڕەنسی (جۆسێف نیپس) لە ساڵی 1825 کە وێنەیەکی بەردەم پەنجەرەی ماڵەکەی بوو تا ڕادەیەک کۆپیەکی دیمەنەکە بوو. دروستکردنی کامێرا هەڵچەرخانێکی گەورەی هونەری فۆتۆگرافی بوو هەتاوەکو سەردەمی دیجیتاڵ، کە سەردەمێکی زێڕین بوو بە هۆی دروستکردنی کامێرای دیجیتاڵ لە ساڵەکانی 1980 و 1990.
لە ساڵی 1991 یەکەم کامێرای دیجیتاڵ لە لایەن کۆمپانیای کۆداک، دروستکرا بە ئاستێکی بەرز، کە توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
پیشەگەرەکانی دیکە بەخێرایی ئەم ڕێچکەیان گرت و دەستیان کرد بە دروستکردنی کامێرای دیجیتاڵی زۆر ئاست بەرز لەوانە، پێنتاڵس و بەرهەمە دیجیتاڵە ئاست بەرزەکانی کامێرای (DSLR)SLR.
ئەگەر گەڕانێک بەناو پەڕاوەکانی مێژووی کوردستان بکەین دەبینین یەکەم کورد، کە وێنەی فۆتۆگرافی گرتبێت و بڵاوکرابێتەوە، وێنەی کوردێکی خەڵکی شاری ئاکرێی باشووری کوردستانە بە ناوی (محمد یوسف غەزنەیی) لە ساڵی (1912_1920)، کە زۆربەی وێنەکانی لە ناوچەی بادینان گرتووە و یەکەم کەس بووە، کە خاوەن ستۆدیۆی خۆی بووە. شایەنی باسە هونەری فۆتۆگرافی ئێستا بەرەو پێشچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە بە ڕادەیەک هەموو کەس بووە بە وێنەگر بە هۆی بەرەو پێشچوونی تەکنەلۆجیا و هەبوونی مۆبایلی هۆشمەند، کە لە هەموو سات و شوێنێکدا دەتوانرێت دیمەنێک بوەستێندرێت و ببێتە وێنە.