15 هۆكار واده‌كات ئافره‌ت منداڵی نه‌بێت و نه‌زۆك بێ.

زۆربەی خەڵكی دەزانن لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەمەندا چانسی منداڵ درووستكردنی ژنان كەمدەبێتەوە. بەڵام رەنگە نەزانن كە ستایلی چەوتی ژیان و فاكتەری دەرەوەی جەستە، لە تەمەنی هەرە بەپیتی ئافرەتدا دەبنەهۆی نەزۆكی.”

ئەمانە هەندێك لە هۆكارەكانی نەزۆكی ئافرەتانن كه‌ پێویسته‌ بزاندرێت و هه‌وڵبدریت بۆ چاره‌سه‌ری:-

1-قەڵەوی:
زیادبوونی كێش لە سەرو ئاستی ئاساییەوە، كار لە سیستمی هۆرمۆن درووستكردنی جەستەی ئافرەت دەكات. تاوەكوو كێش لە ئاستی ئاسایی بەرزترببێتەوە، كاركردنی هێلكەدان زیاتر تێكدەچێت. توێژینەوەكان دەڵێن زیادبوونی كێشی ئافرەت لە تەمەنی 18 ساڵییەوە ئەگەری تووشبوون بە وردەكیسی هێلكەدان زیاد دەكات، كە لە بڵاوترین هۆكارەكانی نەزۆكییە لەم سەردەمەدا.

2-لاوازیی لەرادەبەدەر:
وەك چۆن هەبوونی زیاد لە پێویستی چەوریی جەستە دەبێتەهۆی نەزۆكیی، كەمیی لە رادەبەدەریشی هەمان بەرەنجامی دەبێت. ئەوانەی كێشی لەشیان لە ئاسایی كەمترە، هۆرمرنی لێپتینیان كەمە. ئەم هۆرمۆنە لەلایەكەوە هاوكێشەی برسێتی و تێری رێكدەخات، لەلایەكی دیكەوە رێك و پێكی سوڕی مانگانە رێكدەخات.

3-زیادبوونی تەمەن:
كاتێك ئافرەت دەچێتە تەمەنی نائومێدی، چیتر هێلكە درووستناكات كە پێدەچێت لە چلەكان یان پەنجەكانی تەمەنی ئافرەت رووبدات. بەڵام لە دەوروبەری 10 ساڵ پێش چوونە تەمەنی نائومێدییەوە، بەپیتیی ئافرەت دەست بە لاوازبوون دەكات و پرۆسەی درووستكردنی هێلكەش ناڕێك و پێك دەبێت. بەگشتی لە تەمەنی 35 ساڵییەوە توانای درووستكردنی منداڵ لای خانمان كەمدەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژن هەن كە لە چلەكانی تەمەنیشدا ئەو توانایەیان بە چالاكییەوە دەمێنێت.

4-دایك:
پرسیار لە دایكت بكە كەی چووە تەمەنی نائومێدی، ئەگەری زۆرترە تۆش لەو تەمەنەدا بچیتە ئەو تەمەنە. كچان بە ژمارەیەكی دیاری كراوی هێلكەوە لەدایكدەبن و فاكتەری بۆماوە رۆڵی هەیە لە زۆری و كەمیی ژمارەكە، هەروەك رۆڵیشی هەیە لەكاتی دابەزینی هێلكەكان. بەڵام وێكچوونەكە 100% نییە، چونكە وەك گوتمان شێوازی ژیان و كاركەرە دەرەكییەكانیش رۆڵیان هەیە.

5-ماددەگەلی كیمیایی:
چەند ماددەیەكی كیمیایی كە لە دەرمانە مێروكوژەكان، بەرهەمگەلی ئارایشت و بۆن و كەرەستەگەلی پلاستیكی نێوماڵدا هەن، چانسی منداڵبوون بە رێژەی 29% كەمدەكەنەوە ئەگەر بەركەوتنێكی زۆرت هەبێ لەگەڵیان. هەروەك دەركەوتووە وادەكەن ژن زووتر بگاتە تەمەنی نائومێدی.

6-جگەرەكێشان:
جگەرەكێشان هەر زیان لە كۆرپەی نێوسك نادات، بەڵكو هۆكاری 13%ی حاڵەتەكانی نەزۆكییە لە وڵاتێكی وەك ئەمریكا. جگەرە باڵانسی هۆرمۆنیی دەشێوێنێت و DNA تێكدەشكێنێت. نەك هەر جگەرەكێشان، بەڵكو ئەو ژنانەش كە لەگەڵ كەسی جگەرەكێش دەژین و دووكەڵی ئەوان هەڵدەمژن، تووشی تێكچوونی باڵانسی هۆرمۆنیی دەبن.

7-خواردنەوەی كحولی:
خواردنەوەی كحولی ،بەتایبەت كاتێك زیادەڕەوی بكرێت لە خواردنەوەی، چانسی درووستكردنی منداڵ كەمدەكاتەوە. خواردنەوەی كحول لەكاتی سكپڕیشدا، زیان لە كۆرپە دەدات و یەكێكە لە هۆكارەكانی لەدایكبوونی منداڵ بە ناكامی.

8-شیردانی سرووشتی:
لەماوەی شیرداندا، چانسی سكپڕبوونەوە كەمترە، چونكە ئەو پرۆسە هۆرمۆنییەی درووستكردنی شیر رێكدەخات، لەمپەر دەخاتە بەردەم درووستبوونی هێلكە. نابێت ئەمە وەك كاریگەرییەكی نەرێنیی شیردانی سرووشتی تەماشا بكرێت، چونكە بە لۆژیكیش ئەگەر ژنێك منداڵی شیرخۆری هەبێت، پێویستناكات منداڵێكی دیكە درووست بكات.

9-وەرزشی زۆر توند:
وەرزشێكی بەرنامەداری رۆژانە و بەپلان، كێش رێكدەخات و ماسولكە بەهێزدەكات و زۆربەی پرۆسە زیندەییەكانی جەستە رێكدەكات. بەڵام ئەگەر هەفتانە زیاتر لە پێنج كاژێر وەرزشێكی توند و تاقەتپڕوكێن بكەیت، پرۆسەی دابەزاندنی هێلكە تێكدەدات. هەركاتێك هەستتكرد وەرزشەكەت سوڕی مانگانەت تێكدەدات، راوێژ بە پزیشك بكە و چاو بە شێوازی وەرزشەكەتدا بخشێنەوە.

10-دەرزیی رێگاگرتن لە منداڵبوون:
ئەگەر بە حەب رێگا لە منداڵبوون بگریت، تەنیا مانگێك دوای وەستاندنیان چانسی منداڵ درووستكردن پەیدا دەكەیتەوە. بەڵام دەرزیی رێگاگرتن لە منداڵبوون (دیپۆپرۆڤێرا) بۆ هەر جارێك سێ مانگ رێگا لە منداڵبوون دەگرێت. دوای وەستاندنی، هەندێك لە ژنان تەنیا دوای مانگێك توانای منداڵ درووستكردن پەیدا دەكەنەوە، بەڵام هەندێكی دیكە ساڵێكیان دەوێ تا ئەو توانایە پەیدا دەكەنەوە.

11-نەخۆشی رژێنی دەرەقی:
نەخۆشییەكانی رژێنی دەرەقی لەمپەر دەخەنە بەردەم پرۆسەی هێلكە درووستكردن و سكپڕیی و یەكێكە لە هۆكارەكانی نەزۆكی ئەگەر چارەسەر نەكرێت.

12-كافاین:
زیادەڕەویكردن لە بەكارهێنانی ئەو خواردنەوانەی بە كافاین دەوڵەمەندن (قاوە، چا، نیسكافە و هاوشێوەكانیان و خواردنەوە وزەبەخشەكان) لەمپەر لەبەردەم بەپیتی درووستدەكات. توێژینەوەیەكی دانیماركی دەڵێت خواردنەوەی پێنج كوپ قاوە لە رۆژێكدا، بە راددەیەكی بەرچاو بەپیتی كەمدەكاتەوە.

13-نەخۆشیی:
وردەكیسی هێلكەدان و كیسی منداڵدان چانسی سكپڕبوون و بەردەوامیی سكپڕیی كەمدەكەنەوە. هەروەك هەندێك نەخۆشیی رۆماتیزمیی كار لە توانای منداڵ درووستكردن و بەردەوامیی سكپڕیی دەكەن.

14-سێكسی ناتەندروست:
هەندێك لەو نەخۆشییانەی لە رێگەی سێكسەوە دەگوازرێنەوە (وەك كڵامیدیا و گۆنۆریا) رێگا بۆ نەزۆكیی خۆشدەكەن. لە راستیدا نەخۆشیی كلامیدیا لەوانەیە بۆریی فالووپ (كەناڵی نێوان هێلكەدان و منداڵدان) تێكبدات بێئەوەی ژنەكە هەست بە هیچ نیشانەیەكی نەخۆشیی بكات و لەو بارەدا پێدەچێت تاكە نیشانەی نەخۆشییەكە نەزۆكی بێت. بەڵام هەوكردنە سادەكانی وەك كەڕوی زێ، نابنەهۆی نەزۆكی.

15-فشاری دەروونیی:
فشاری دەروونیی درێژخایەن كار لە باڵانسی هۆرمۆنی دەكات و دوور نییە پرۆسەی درووستكردنی هێلكە و سكپڕبوون تێكبدات. هەندێك لە توێژەران دەلێن ئەو ژنانەی پلان بۆ سكپڕی دادەنێن و سەركەوتوو نابن،باشترە بەشداری كۆرسێكی چارەسەری فشاری دەروونیش

Back to top button