سه‌قامگیرو، شه‌قامگیر
عەطا شێخ حەسەن
مێژوی به‌شه‌ریه‌ت مه‌حكومه به دوو جۆری ململانێی به‌رده‌وام، ململانێی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشت و خۆپارێزی له كاره‌ساته سروشتییه‌كان و، ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵات و حكومه‌تانه‌ی كه ته‌مسیلی خواست و ئیراده‌ی مرۆڤه‌كانی نه‌كردووه، هه‌ر ئه‌و ململانێ و كێبه‌ركێیه‌ش شارستانیەتی به‌شه‌ری گه‌یاندۆته ئه‌و قۆناغه‌ی ئێستا، دیاره له‌و جه‌ره‌یانه‌شدا ئه‌گه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری وێستگه‌ی یه‌كه‌می پێداویستیه‌كانی مرۆڤ نه‌بێت، ئه‌وا بێشك له‌دوای نان و ئاو ده‌بێته پێداویستی دووه‌می به‌رده‌وامی ژیانی مرۆڤه‌كان .
سه‌قامگیری جه‌وهه‌ری سیاسه‌ته‌و، سیاسه‌تیش به‌مانای هونه‌ر و زانستی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی خه‌ڵك و ده‌وڵه‌ت دێت، له‌ڕێگه‌ی ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان (تاك، كۆمه‌ڵگه، ده‌سه‌ڵات)ه‌وه، به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی ململانێ خوێناوییه‌كان، به‌پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه، كه ئه‌ویش به ته‌وزیف كردنی دیالۆگ و لێك تێگه‌یشتن، بۆ ناو فه‌زای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌حقیق ده‌بێت، دیاره ئه‌م فاكته‌ش ده‌بێته هۆی گه‌شه‌ی تاك و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگه، كه (رۆبیرت ماكنامارا ) به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێت .
ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه به‌مه‌به‌ستی تۆكمه كردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، كۆی ئه‌و چه‌مكانه بسڕێته‌وه كه‌كایه‌ی سیاسی به پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی سه‌قامگیری و ئاسایش ئاراسته ده‌كه‌ن، ئاخر گه‌نده‌ڵی مه‌ترسیدارترینی ئه‌و چه‌مكانه‌یه كه ئینتیمای نیشتمانی لای تاك كاڵ ده‌كاته‌وه و، تاكی كۆمه‌ڵایه‌تیش له سیفه‌ته‌كانی هاوڵاتی بوون ته‌جرید ده‌كات و، كاریگه‌ری نێگه‌تیڤ له‌سه‌ر سه‌قامگیری و به‌ڕێوه‌بردن به‌جێ ده‌هێڵێت، دیاره گه‌نده‌ڵیش به‌بێ گه‌نده‌خۆر وجودێكی نییه. كه‌واته دورخستنه‌وه‌ی گه‌نده‌خۆران له ئۆرگانه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن، باشترین وه‌ڵامه بۆ چاكسازی و، چاره‌سه‌ری په‌تای كوشنده‌ی گه‌نده‌ڵی .
ووڵات له‌جه‌نگدایه، جیهان له‌به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كانی تیرۆریزمی ئیسلامیدایه و، زلهێزه‌كان كۆی ناوچه‌كه‌یان خستۆته ژێر فشار‌و، كوردوستانیش به‌دۆخێكی سه‌ختی سیاسی و ئابووری و دارایی و ژیاری شله‌ژاودا گوزه‌ر ده‌كات، كه بارودۆخی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی به‌ته‌واوی داگیر كردووه، به‌ڵام ئاماژه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه سنوره‌كان له‌به‌رده‌م هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و دووباره داڕشتنه‌وه‌دان و، ته‌نها ئیراده‌ی خۆڕاگری خه‌ڵكه نیشتمانپه‌روه‌رو، هێزه نیشتمانییه‌كانیش، زامنی بردنه‌وه‌ی دوا جه‌نگی سه‌ركه‌وتن و، به‌جیهانی كردنی سه‌روه‌ری نیشتمانه، دیاره ئه‌و كاته‌شی ووڵات له‌جه‌نگدایه، ئه‌رك پێش ماف ده‌كه‌وێت.
بۆیه ئه‌ركی، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و چین و توێژه ناڕازییه‌كانی پایته‌ختی ڕۆشنبیریه، كه چه‌مكی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی له‌شاره‌كه‌یان دانه‌بڕن و، قوربانی به‌سه‌ختی گوزه‌رانیان بده‌ن، بۆ تێپه‌ڕاندنی سه‌ختی قۆناغه‌كه‌و، دووربن له ئایدۆلۆژیا‌و، تێكه‌ڵكردنی مافه ڕه‌واكانیان به ستراتیژی ئه‌و هێزو، سیاسیه شه‌قامگیرانه‌ی كه له‌دیدی تێزه‌كه‌ی ماكیافیللیه‌وه (ئاسایشی خۆیان له‌سه‌ر تێكدانی ئاسایشی به‌رامبه‌ر) فۆرموڵه ده‌كه‌ن .
دیاره ئه‌ركی (سه‌ردار)انی شاریشه كه وه‌ك (كه‌ریمی عه‌له‌كه) هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ باری قورسی گوزه‌رانی خه‌ڵكدا بكه‌ن، ئاخر عه‌له‌كه له‌ته‌نگه‌ژه‌ی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و گرانی گه‌وره‌دا، جگه له‌وه‌ی لیره ڕه‌شادییه‌كانی ته‌رخانی خزمه‌تی خه‌ڵك كرد، ئاماده‌ش نه‌بوو كه‌پێشوازی له كونسوڵی ڕووسیا بكات، ئه‌وكاته‌ی داوای میوانداری لێ‌كرد، كه‌چی به‌داخه‌وه ئێستا سیاسیه‌كانی سلێمانی، به‌بێ گوێدان به‌و سه‌روه‌رییانه‌ی شار، له‌سه‌ر زه‌وی فه‌رشی سور بۆ مالیكی و ئاخونده‌كانی هاوشێوه‌ی ڕاده‌خه‌ن و، له ژێر زه‌ویش پاره‌ی دزراوی خه‌ڵك حه‌شار ده‌ده‌ن.