دانیشتن مرۆڤ دووچاری مردنی پێشوەختە دەکات

لەمڕۆدا، دەکرێت مرۆڤەکان بە ھۆی ئیش و کاربێت، یاخود لە ماڵەوە زۆر دابنیشن، ئەوەش خۆی لە خۆیدا کارێکی باش نییە و پزیشکان لەو بارەیەوە ردەڵێن: دانیشتنی زۆر مرۆڤ دووچاری چەندین نەخۆشی دەکات.

پزیشکان داواکارن ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی زۆر دادەنیشن، ھەست بە خراپیی ئەو کارەیان بکەن و چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزنەوە، ھەر لەو بارەیەوە زانکۆی ئەمریکی بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە دەڵێت: ئەو کەسانەی رۆژانە بۆ ماوەی شەش سەعات یاخود زیاتر دادەنیشن، بە رێژەی لە ١٩٪ زیاتر لە کەسانی تر دووچاری مردنی پێشوەخت دەبنەوە، ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ ئەو کەسانەی رۆژانە تەنھا سێ سەعات دادەنیشن.

بۆ ئەو توێژنەوەیەش وەک لە پێگەی بۆلد سکای بڵاوکراوەتەوە، ١٢٨ ھەزار کەس بە نموونە وەرگیراوە کە ھیچ جۆرە نەخۆشیەکیان نەبووە بۆ ماوەی ٢١ ساڵ لە ژێر چاودێریدا بوون، بەڵام بەھۆی زۆر دانیشتنەوە لە  ٤٩٪ی ئەو کەسانە پێشوەختە گیانیان لەدەستداوە.

دانیشتنی زۆر دەبێتە ھۆی نەخۆشیی دڵ و شەکرە و گورچیلە و سیەکان و ھەستەوەرەکانی مێشک و ئێسکەکانی لەش و ھەروەھا دەشبێتە ھۆی قەڵەوبوونی بێ ئەندازە.

بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیە تەندروستیانەش، پزیشکان ئامۆژگاری خەڵکی دەکەن زیاتر بە پێ بڕۆن، بە تایبەتی لە دوای نان خواردنی نیوەڕوان، ھەروەھا ھەموو کات بە کارھێنانی ئاسانسۆر (مەسعەد) پێویست نییە و پێویستە جار جاریش پلیکانە بەکاربھێنرێت، بەو رێگایانەش دەتوانرێت چەندین کالۆریی گەرمیی لەش بسووتێنرێت.

بە گۆرینی سیستەمی ژیان بە شێوەیەکی ئاسان کێشە مەترسیدارەکانی سەر تەندروستیت چارەسەردەبێت.

Back to top button