دوو ساڵی یەکەم تڕەمپ چی دەكات

نیاز حاجی
 
بەشێک لە هەڵوێست و لێدوانەکانی کاتی هەڵمەتەکانی پێش هەڵبژاردن ، هەروەها لە دوای هەڵبژاردنیش ، دەستنیشانکردنی گەورە راوێژکارەکان و ئەو تیمە وەزاریەی کە سەرۆک بۆ حکومەتەکەی و کۆشکی سپی هەڵی دەبژێرێت ، ئاراستە و ئایندەی سیاسەتەکانی سەرۆکی نوێ لە ئەمەریکا دیاری دەکەن .
ئەگەر ئەوەی کە لەسەرەوە باسمانکرد پێوەر بێ ، ئەوا لەکاتی دەستبکاربوونی تڕامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا ، رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەت ناوچەی کەنداو ، پشکی شێر و چەقی سیاسەتەکانی (تڕامپ) و ستراتیژی حزبی کوماریەکان پێک دێنێت.
ئەگەر عومقی ستراتیژی کوماریەکان ، رۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەت ناوچەی کەنداو بێ ، ئەوا (ئۆباما) بە سیاسەتەکانی ، کێشەو ئاڵۆزیەکی زۆری لەو ناوچەیەدا بە هەڵواسراوی و بێ چارەسەر بۆ (تڕامپ) جێ هێشتووە ، ئێران توانیویەتی پایتەختەکانی چوار وڵاتی ئەو ناوچەیە داگیربکات و مەترسیشی بۆ پایتەختەکانی تر دروست کردوە .
داعش و گروپەئیسلامیە شیعە و سونیەکان ، هۆکاری سەرەکی دروستبونی ئەو ئاڵۆزی و کێشانەی رۆژهەڵاتی ناوەراستن بۆیە قەڵاچۆکردنی ئەو هێز و گروپانە کاری لە پێشینەی سەرۆکی ئەمریکا دەبێ ، ئێرانیش هەر بەهۆی ئەو هێز و گروپانەوە توانیویەتی هەژمونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێ ، هەر بۆیە بە قەڵاچۆکردنی ئەو هێز و گروپانە ئەو هەژمونەی ئێران گورزی بەردەکەوێت .
ئەو تیمەی (ترامپ) هەڵی بژاردوون و بۆ پۆستەگرنگەکان دەستنیشانی کردوون هەر لە تیمی ناو کۆشکی سپی لە راوێژکارەکانی و تیمیە سەربازی و هەواڵگەری و راوێژکاری نەتەوەیی و پێکهاتەی حکومەتەکەی بەتایبەت وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری ، دەبینین لەو کەسانە پێک دێن کە پاشخانی توندیان بەرامبەر گروپە ئاینیە توندرەوەکان هەیە لەهەردوو پێکهاتەی ( شیعە و سوننە ) ، هەروەها هەستیاریەکی زۆریان بەرامبەر رێککەوتنە ئەتۆمیەکەی نێوان خۆیان و ئێراندا هەیە .
تڕامپ لەو جوگرافیایەی کە لە سەرەوە باسمان کرد لە دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا ، بەهێزەوە و بە چەند ئاراستەیەک کار دەکات کە لە خوارەوە بەکورتی ئاماژە بە هەندێکیان دەدەین :
1. راستەوخۆ و ناراستەوخۆ کاردەکات بۆ دەورەدان و کەم کردنەوەی کاریگەری و هەژمونی گروپە ئیسلامیە توندرەوەکانی سوننە و شیعە کە داعش و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و حوسیەکان و حزب اللە و پەکەکە و میلیشیا شیعەکان دەگرێتەوە .
2. کاردەکات پۆ چاکردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا و میصر و قەتەر و سعودیە ، کە لەکاتی سەرۆکایەتی ( ئۆباما ) بەرزی و نزمی بەخۆیەوە بینیبوو . روسیا توانیبووی سود لەو بەرزی و نزمیەی پەیوەندیەکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئەمریکا وەرگرێت .
3. کاردەکات و گوشارەکانی چر دەکاتەوە بۆ لە یەکتر نزیک کردنەوەی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت (میصر و تورکیا) و (میصر و سعودیە) و (سعودیە و قەتەر) ، واتا هەوڵدەدات لەیەکتری تێگەیشتن و بەرنامەی هاوبەش هەبێ لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمانی ئیسلامی کە لە ۳٤ وڵاتی میحوەری سوننە پێکدێت بە سەرۆکایەتی سعودیە ، ئەوەش بۆ ئامادەکردنیان بۆ دوساڵی دووەمی ئەم خولەی سەرۆکایەتی خۆی، دژ بە ئێران. ( لێردەدا خاڵە لاوازەکانی هاوپەیمانی ئیسلامی کەم دەکاتەوە) .
4. لە سوریا لەسەرەتادا گوشارەکانی دژی بە داعش دەبێ بەبێ لادانی ئەسەد ، ئەمەش بۆ ئەوەی بەرنامەی دابەشکردنی سوریای پێ جێگیر بکات ، دواتر بیر لە لادانی ئەسەد دەکاتەوە.
5. لە عێراقدا هەوڵی بەهێزکردنی عەبادی و کورد دەدات ، میلیشیا شیعەکان دەکاتە ئامانج جا راستەوخۆ بێ یان ناراستەخۆ ، هەروەها بەئاراستەی جیابونەوەی کوردستان هەوڵی لەیەکتر گەیشتنی نێوانیان کورد و بەغدا کاردەکات و وەک دوو قەوارەی جیاواز مامەلە لەگەڵ هەردولا دەکات ، ئەمە ئەگەر عەبادی بتوانێت بەرگەی گوشارەکانی ئێران بگرێت ، ئەگەر ئەوە بەعەبادی نەکرا ئەواکەسێکی تری دژ بە ئێران لە بەغدا دەهێنێتە پێش ،
6. هانی لایەنە ناکۆکەکانی کوردستان دەدات بۆ رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بە مەبەستی دورکردنەوەی هەندێک لایەن لە بەرەی ئێران ، ئەگەر ئەوە نەکرا گوشار بەکاردێنێت ، لە رۆژئاوای کوردستانیش بە هەمان ئاراستە هەنگاو دەنێ و هەوڵی دورخستنەوەی دەسەڵاتدارەکانی دەدات لە ئەسەد و ئێران نزیکن ،کە بەمەش گۆرانکاری سیاسی رودەدات ئەگەر سەرکەوتوش نەبێ ئەوا شوێن گرەوەیان بۆ دەدۆزێتەوە .
7. لە لوبنان هەوڵی بەهێزبونی حکومەتی سعد الحریری دەدات بۆ روبەروبونەوەی حزب اللە .
8. هەوڵدەدات لەگەڵ روسیا تێگەیشتنی هاوبەش دروست بکات بۆ ئایندەی سوریا و ئەسەد .
بێگومان ئەو هەنگاوانە وا ئاسان نین ، ئێران و روسیا بە هەموو شێوەیەک روبەرووی ئەو بەرنامەیەی (تڕامپ) دەبنەوە ، ئەگەر زۆرە لەگەڵ روسیا بگەنە رێککەوتن لەسەری ، تەواوی ئەو کار و بەرنامانە بە ئاراستەی گوشارخستنە سەر ئێران بۆ دوو ساڵی دووەمی سەرۆکایەتیەکەی ئەنجام دەدرێن .
ئەگەر تڕامب لە دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا بیەوێت ئێران بکاتە ئامانج ، ئەوا دەبێ ئەو هەنگاوانەی سەرەوە ئەنجام بهاوێت .
لێردەدا هەندێک لە چاودێران پێیان وایە ستراتیژی ( تڕامپ ) بریتیە لە دروست کردنەوە و بە هێزکردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە ، ئەویش بە گەرانەوەی جۆرێک لە رژێمە دیکتاتۆرەکان ، ئەو بۆچونە تا رادەیەک راستە بەڵام بەو جۆرە نەخشەیەی ئێستای ناوچەکە نا ، بەڵکو ئەو هەنگاوە دەکەوێتە دوای دابەشکردنەوەی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە .
Back to top button