ئەو 6 نەخۆشیانەی شەرم دەكەی باسیان بكەی لەلای پزیشک چین.؟
هەندێك گرفتی تەندروستی و جەستەیی هەن، خەڵكی هەمیشە هەوڵ دەدەن بیانشارنەوە، تەنانەت لە ژووری پزیشكیش. بەڵام بڕوا بكەی یان نا: پزیشك هەموو ئەوانە دەزانێت. لە پرسی تەندروستیتدا، هیچ سنوورێك دامەنێ و هەموو نهێنییەكان بە پزیشكەكەت بڵێ.
ئەمانە هەندێك لەو حاڵەتانەن كە نەخۆش شەرم دەكات باسیان بكات:
1- شیرلێهاتنی نائاسایی مەمك:
بێ ئەوەی كەسەكە دووگیان بێت یان منداڵی شیرەخۆرەی هەبێت، مەمكی شیری لێدێت . ئەم حاڵەتە بەهۆی بەرزیی ئاستی هۆرمۆنی پرۆلاكتینەوەیە كە رژێنی ژێردەماخ (پیتویتەری) دەریدەدا. پرۆلاكتین هانی شانە رژێنەكانی مەمك دەدات شیر دروست بكەن. هەندێجاریش بەهۆی لوویەكە لە رژێنی ژێر دەماخدا. ئەگەر چارە نەكرێت، بەرزبوونەوەی هۆرمۆنەكە دەبێتە هۆی تێكدانی سووڕی خوێن و فشەڵبوونی ئێسكیش.
چارەسەر: پزیشك سەرەتا پشكنینی رژێنی دەرەقیت بۆ دەكات، چونكە هەندێكجار تەمبەڵیی ئەو رژێنە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی پرۆلاكتین. ئەگەر هۆكارەكە ئەوە نەبوو، ئەوە بیر لە هەبوونی لوو دەكاتەوە لە رژێنی ژێر مێشكدا. هەرچەندە هەبوونی لوو هەمیشە مایەی ترس و دڵەڕاوكێیە، لەم بارەدا چارەی ئاسانە و لە زۆربەی حاڵەتەكاندا تەنیا بە پێدانی دەرمان چارە دەبێت.
2- ئارەقەكردنەوەی زۆر:
ئەم حاڵەتە ئەوە دەگەیەنێت ئارەقەرژێنەكانت زیاد لە پێویست كاردانەوەیان هەیە بۆ كارتێكەرەكانی وەك گەرما، هۆرمۆنەكان و هەست و سۆزە جیاوازەكان. یاخود كاتێك لە ئەنجامی ئەو كارتێكەرییانەوە دەكەونە ئیش، درەنگ دەكوژێنەوە و ماوەیەكی دوورودرێژ كاردەكەن. هەندێجاریش بە كارتێكەریی دەرمانێكە كە پزیشك بۆ نەخۆشییەكی تایبەت بۆی نووسیوی. یاخود بەشێكە لە نیشانەكانی نەخۆشی لە نموونەی هەوكردنە جیاوازەكان و شەكرە.
چارەسەر: چارەی ئەم حاڵەتە بریتی نییە لە دەرمانێكی سیحری كە ئارەقە رژێنەكان بە تەواوی كۆنترۆڵ بكات. پزیشك سەرەتا دەیەوێت بزانێت هۆكار چییە و بە چارەسەركردنی هۆكارەكە، ئارەقە زۆرەكەت لەكۆڵ بكاتەوە.
3- نەبوونی ئارەزوو بۆ سێكس:
زۆر شت دەبنە هۆی نەهێشتنی ئارەزووی سێكس، چونكە ئارەزووی سێكس بەرهەمی یەكگرتنی چەندین هۆكاری جەستەیی و دەروونییە. زۆر لە ژنان لە سەروبەندی نەمانی سووڕی مانگانە و بەهۆی دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی مێیینە (ئیسترۆجین) و وشكبوونەوەی زێ، ئارەزوویان بۆ سێكس كەم دەكات.
خەمۆكیش هۆكارێكی دیكەی نەمانی ئارەزووی سێكسییە. خەمۆكی هەر لە رووە دەروونییەكەوە ئارەزووە سێكسییەكان كپ ناكات، بەڵكو بەهۆی دابەزاندنی ئاستی هۆرمۆنی دۆپامینیشەوە زەبر لە ئارەزووە سێكسییەكان دەدات. هەندێك دەرمانی دژەخەمۆكیش بە میكانیزمی جیاواز ئارەزووی سێكسی كەم دەكەنەوە.
چارەسەر: پزیشكی ژنان و منداڵبوون بە پرسیاری ورد دەتوانێ بەشێكی بەرچاو لە هۆكارە جەستەییەكانی لاوازیی ئارەزووی سێكس لە ژناندا بدۆزێتەوە. ئەگەر لەو رووەوە گرفتت نەبوو، سەردانی پزیشكی دەروونی بكە. چونكە خەمۆكی تەنیا لەشێوەی دڵتەنگی خۆی نانوێنێ، بەڵكو بە نیشانەگەلی جیاوازی جەستەیی و رەفتاری دەردەكەوێت. چارەی خەمۆكیش تەنیا دەرمان نییە، بەڵكو گفتوگۆی دەروونی و هزریش رێگەچارەی كاران.
4- مایەسیری:
پێدەچێ مایەسیری یاخود قڵیشانی دیواری كۆم هۆكاربن. قەبزی وادەكات پیسایی ماوەیەكی زۆر لەنێو ریخۆڵە ئەستوورە بمێنێتەوە و زۆربەی ئاوەكەی هەڵبمژرێت. بەوەش پیسایی وشك و رەق هەڵدێت. ئەو پیساییە وشك و رەقەش دەبێتە سەرچاوەیەكی برینداركەر بۆ دیواری كۆم.
هەندێكجاریش لە ژناندا، هەبوونی لوویەك لە منداڵداندا دەبێتە هۆی فشار دروستكردن لەسەر دیواری رێكە (كۆتایی ریخۆڵە ئەستوورە) و بەوەش پیساییكردن بەئازار دەبێت، بەڵام لەم بارەدا ئازارەكە هاوكات دەبێت لەگەڵ پشتئێشە و زۆربوونی خوێنی سووڕی مانگانە.
چارەسەر: ئەگەر لە هەفتەیەكدا كەمتر لە سێ جار پیسایی دەكەیت، ئەوا پلان دابنێ بۆ ئەوەی ئاوی زیاتر بخۆیتەوە و وەرزشی زیاتر بكەیت و ریشاڵە خۆراكییەكان لە ژەمەكانتدا زیاتر بكەی. ئێستا ریشاڵە خۆراكییەكان بەشێوەی شروبیش هەن و دەتوانیت لەو رێگایەوە خۆت لە قەبزی و ئەنجامەكانی رزگار بكەی.
ئەگەر ئەوانەت جێبەجی كرد و ئازار و مایەسیری هەر بەردەوام بوون، پزیشك بیر لەوە دەكاتەوە كرێمی چارەسەری ئەو حاڵەتانەت بۆ بنووسێت.
5- بۆنێكی ناخۆش لە زێ:
ئەمە واتای ئەوەیە زێ لە نێوەندێكی ترشەوە گۆڕاوە بۆ نێوەندێكی تفت، ئەوەش یاریدەی گەشەكردنی بەكتریای زیانبەخش دەدات تێیدا. هۆكاری جیاواز دەبنە هۆی تفتكردنی زێ، هەر لە تۆواو تاوەكو خوێنی سووڕی مانگانە و زەیستانی، دووش.
چارەسەر: دەبێت باسی ئەو بۆنە ناخۆشە بۆ پزیشكەكەت بكەیت. ئەویش بە لێكدانەوەی زانستی دەگاتە ئەنجام كە ئایا ئەوە نیشانەی هەبوونی نەخۆشیی گوازراوەیە لەڕێگەی سێكسەوە، كەڕووكردنی زێ یاخود تەنیا تفتبوونی زێ و زاڵبوونی بەكتریا زیانبەخشەكانە.
6- سێكسی بە ئازار:
بەهۆی دروستنەكردنی لینجی پێویستەوەیە لەلایەن نێوپۆشی زێ. هەبوونی ترس و فشاری دەروونی، یاخود نەورووژانی پێویست لە هۆكارە دیارەكانی دروستنەبوونی بڕی پێویستی لینجیی نێو زێن.
بەڵام ئەگەر سێكسی بە ئازار لە حاڵەتەوە بووە دیاردە و بێ ئەوەی ئەو دوو هۆكارەش هەبن هەر روویدا، دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە كە ئاستی هۆرمۆنی مێیینە (ئیسترۆجین) دابەزیبێ. ماوەی دوای منداڵبوون، ماوەی شیردان و كەوتنە تەمەنی نائومێدی هەموو پەیوەندییان بە دابەزینی ئاستی ئەو هۆرمۆنەوە هەیە.
هەندێك دەرمانیش ئەو لینجییە كەمدەكەنەوە، وەك دژە هەستەوەرییەكان (ئەنتی هیستامین) و هەندێك جۆری حەبی دژە سكپڕی.
چارەسەر: ئەگەر هۆكارەكە بدۆزرێتەوە، بە چارەكردنی ئەو هۆكارە، گرفتەكە كۆتایی دێت. ئەگەر هیچ هۆكارێكیش نەبوو بۆ وشكبوونەوەی زێ، لینجیی دەستكرد هەن و دەتوانرێت لەكاتی پێویست سوودیان لێ وەربگیرێ.
خۆ ئەگەر هۆكاری ئازارەكە وشكیی نەبوو، ئازارێكی قووڵ بوو، یاخود لە بارێكی دیاریكراودا هەبوو