ئایا ئەم وێنەیە دەبێتە راستی؟

پیریۆ ئۆسیلیۆ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی ئاشكرای كرد كە یانەكەیان ئاواتەخوازە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بكڕێت، بەڵام ئەمە بۆ ئەوان كارێكی زەحمەتە.

ئۆسیلیۆ بە ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئیتاڵی راگەیاند: دەبێت لەگەڵ هاندەرانمان راستگۆبین و ئێمە ئێستا ناتوانین میسی یاخود كریستیانۆ رۆناڵدۆ بكڕین.

زیاتر گوتی: ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئێمە میسی یان رۆناڵدۆمان ناوێ، بەڵكو هەموو یانەیەك ئاواتی ئەوە دەخوازێ باشترین یاریزانی جیهان لە ریزیدا یاریی بكەن، بەڵام ئێمە ناتوانین نرخی كڕینی ئەم یاریزانانە بدەین.

رۆناڵدۆ لە هاوینی رابردوو بە گرێبەستێك كە بەهاكەی زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی كرد.

رۆناڵدۆ چەند رۆژێك پێش ئێستا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا داوای لە میسی كردبوو بۆ بەردەوامیدان بە ركابەرییەكانیان بێتە خولی ئیتاڵیا و لە یانەیەكی ئەم خولە درێژە بە ژیانی وەرزشی بدات.

رۆژنامەكان ئاماژەیان بەوەشدابوو ئەگەر میسی بە داواكەی رۆناڵدۆ رازی بێت ئەوا روو لە یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی دەكات.

لەمبارەیەشەوە بەڕێوەبەری یانەی ئینتەر میلان جەختی كردەوە كە ئەوان ئێستا ناتوانن هیچ یاریزانێك بە 100 ملیۆن یۆرۆ بكڕن، جگە لەوەش ناتوانن مووچەیەكی گەورە بەو یاریزانانە بدەن كە لە ریزی یانەكەیاندا یاری دەكەن

Back to top button