ئەمریكا داوا لە زانایان دەكات 5 ساڵی تر لەسەر مانگ دابەزن
جێگری سەرۆكی ئەمریكا (مایك پنس) داوایكرد، بەئامانجی بوونی وڵاتەكەی لە جەمسەری باشوری مانگ لەماوەی (5) ساڵدا ئاسمانگەڕان لەسەر مانگ دابەزن.
هەروەها پێنس لەووتەیەكیدا لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆشایی ئاسمان لە هانتسڤێڵ لە ویلایەتی ئالاباما ووتی، بەهەر شێوەیەكی گونجاوبێت پێویستە ناسا ئەم ئامانجە بەدەست بێنێت، ووتیشی : ئەگەر پێویست بكات مووشەكەكانی ناساو ئۆتۆمبێلەكانی دابەزین لەسەر مانگ بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بگۆڕدرێت.
هاوینی داهاتوو یادی (50) ساڵەی یەكەم دابەزینی مرۆڤە لەسەر مانگ لەساڵی (1972) دا، دوای ئەوە هیچ وڵاتێك ئەو هەوڵەی نەداوە.
بۆ چەندین ساڵ بەهۆی گۆڕانكاری سیاسەتی بەڕێوبەرایەتی سەرۆكەكانی ئەمریكا ناسا قوربانی بووە، بەڕێوبەرایەتی پێشوو بە سەرۆكایەتی (باراك ئۆباما) ئامانجی گەیشتن بە هەسارەی بارام بوو، بەڵام لەئیستادا (دۆناڵد ترامپ) پرۆژەی مانگ بە باشتر دەزانێت.
بۆ گەیاندنی ئاسمانگەڕان بەهاتنی ساڵی (2024) بۆ سەر مانگ، سەرۆكی ئاژانسی ناسا (جیم بریدنشتاین) ووتی : ناسا هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەنجامدانی ئەو ئامانجە لەكاتی خۆیدا، ووتیشی : پێویستی بە مووشەكی گەورە هەیەو دەبێت خێراتر دروست بكرێت.
زانای هەسارەكان (ئالان ستێرن) لە پەیمانگەی (ساوس وێست) بۆ توێژینەوە ووتی: ئامانجی ساڵی (2024) بەدەستدێت بەومەرجەی دارایی پێویستی بۆ دابین بكرێت، چوونەوە بۆ سەر مانگ ئامانجێكی گەورەیە، لەئاستی زانستی بێت یاخود گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ سەر ئەو هەسارەیە، بەر لەوەی بەرەو هەسارەی دیكە بڕۆین وەك بارام.
بەڕێوبەرایەتی فڕینی بۆشایی ئەمریكا ناسراو بە ناسا ئەركێكی گەڕانی خانمێكی ئاسمانگەڕی لەبۆشاییدا ڕاگرت، بڕیاربوو ڕۆژی هەینی ڕابڕدوو ئەنجام بدرێت، ئەگەر بكرایە دەبوە یەكەم كاری مێژوویی خانمێك لەبۆشاییدا ئەنجامیدات.
ئاژانسەكە ڕاگرتنەكەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی ژمارەی پۆشاكی تایبەت بە بۆشایی بۆ ئەو جۆرە ئەركانە.
دەبوو هەردوو ئاسمانگەری ئەمریكی (ئان مكلاین و كرستینا كۆخ) دوو پۆشاكی تایبەت بەپێوانەی مامناوەند بەكاربێنن، بەڵام دەركەوت تەنها یەك دانە هەبوو بەو پێوانەیە.
بڕیاربوو هەردوو ئاسمانگەڕ لەڕۆژی (29/3) لەبۆشاییدا بگەڕێن بۆ دانانی پاتری جۆری لیپیۆم بۆ كۆمەڵێك لەخانەی بەرهەمهێنانی وزە لەخۆر لەدەرەوەی بنكەی ئاسمانی نێودەوڵەتی.
لەبری ئەوە بڕیارە ئاسمانگەڕ كوخ و یاوەری نیك هیگ ئەو ئەركە لە كاتی خۆیدا لە ڕۆژی هەینی داهاتوو ئەنجامدەن.
ئەركی ئاسمانگەران زۆرن یەكێك لەوانە گەڕانە لە ئاسمانداو ئەركێكی دەگمەنەو لەكاتێكدا دەكرێت پێویست بە چاكردنی میكانیكی هەبێت.