دانپێدانانی یەکێک لە تۆمەتبارەکان و وردەکاریی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر به‌ڵاوكرايه‌وه‌

به‌رێوه‌به‌رايه‌تى گشتى دژە تیرۆری کوردستان وردەکاریی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر و دەقی دانپێدانانی یەکێک لە “تاوانبارە سەرەکییەکانی” ئەو کردەوەیەی بڵاوکردەوە.

ده‌قى راگەیەندراوى بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستانەوە:
راگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستانەوە.
‏‎دوای ئەوەی شەوی 2021/2/15 هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر شاری هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر، کە ژمارەیان 14 مووشەک بوو و بووە هۆی گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێکی بیانی و هاووڵاتییەکی عێراقی و برینداربوونی 5 سەربازی ئەمریکی و دوو هاووڵاتیی سڤیل، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کرد و لە سەرەتادا، ئەو کیایەی هەڵگری رووکێتەکان بوو، دۆزرایەوە و سەرەداوی باش بە دەست هێزە ئەمنییەکان کەوت. لە ئەنجامدا دەرکەوت چوار کەس ئەنجامدەری سەرەکیی هێرشە تیرۆریستییەکە بوونە، کە توانرا یەکێك لە ئەنجامدەرە سەرەکییەکانی هێرشەکە بەناوی (حەیدەر حەمزە عەباس مستەفا بەیاتی) دەستگیر بکرێت کە دانی بە تاوانەکەی نا و بەشێوەیەکی تەواو، باسی لە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکە کرد.
لە دوای هاوبەشکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و هاوپەیمانان، ئەنجامدەرێکی دیکەی هێرشەکە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵ دەستگیر کرا. دوو تاوانباری دیکەش ماون کە هەوڵ و بەدواداچوونەکان بەردەوامن لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ دەستگیرکردنیان، لەبەر ئەم هۆکارەش لە دانپێدانانەکانی (حەیدەر حەمزە بەیاتی) ناوی ئەنجامدەرانی دیکە، لادراوە و ئاشکرا نەکراوە.
( حەیدەر حەمزە بەیاتی) لە دانپێدانانەکەيدا بە وردەکارییەوە باس لە چۆنیەتی ئامادەکارییەکان و ئەنجامدانی هێرشەکە لە رۆژی 15ی شوباتی 2021 دەکات.
‏‎لێرەوە هاونیشتمانیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە لەوەی، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان، چالاکانە بەردەوامن و هەموو هەوڵ و پیلانێکیش بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان پووچەڵ دەکەنەوە.
Back to top button