لەبارەی داخستنی سنوورەکان لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە
ئاری مامشەیی
ترسی خەڵک لە داخستنی سنوورەکان لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە بەجێیە. بەڵام ئەم دوو وڵاتە چەند ئەولەویەتێکیان دیاریکردووە وەکو کاردانەوە دژ بە سەربەخۆیی کوردستان. سەرەتا لە شتی بچووکەوە دەست پێ ئەکات وەکو داخستنی گەشتی ئاسمانی و دەرکردنی نوێنەرانی حکوومەت و حزبەکان لە وڵاتەکانیان و کشانەوە و داخستنی قونسولخانەکانیان، تا دوا ئەولەویەتەکان کە داخستنی سنوورەکان و دەستوەردانی سەربازییە.
بژاردەی ئاخیر یەکسانە بە موستەحیل و هیچ مومکین نییە هێڕشی سەربازی ئەنجام بدەن و بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەی دەرخست. هەرچی داخستنی سنوورەکانە، ئەوەش هێندەی دەستوەردانی سەربازی گران لەسەریان ئەکەوێت. ئەگەر نەیارەکانمان بیانزانیبایە گەماڕۆدان چۆکمان پێ ئەدات و ئەردۆغان-گوتەنی “لە برسان ئەمرین’، هەر زوو بێ یەک و دوو بەسەرماندا ئەیانسەپاند.
لە چەند ساڵی رابردوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەم وڵاتانە پەیوەندییەکی دوولایەنەیەی پشت بەیەکبەستووی (inter-dependency) دروستکرد، نەک یەکلایەنە – بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا. واتا، هێندەی کوردستان پشت بەم دەوڵەتانە دەبەستێت ، ئەم وڵاتانەش پشت بە کوردستان ئەبەستن بۆ راگرتن و بەرەوپێشبردنی ئابوورییەکانیان. کوردستان سێیەم گەورە هاوبەشی بازرگانی تورکیایە بە بڕی ١٠ ملیار دۆلار، و ئێرانیش بە بڕی ٨ ملیار دۆلار. کوردستان رێڕەوی هاتووچۆی بازرگانی تورکیایە بۆ عێڕاق، و بازرگانی ئێران بۆ ناوچە سوننەکان. کوردستان کۆمەڵێك ماددەی خام دەنێرێت بۆ ئەم دوو وڵاتە.
بە واتایەکی تر، ئەگەر کوردستان زەرەر بکات لە داخستنی سنوورەکان، ئەم وڵاتانەش ئەوەنە زەرەر ئەکەن.
دووەم، بازرگانان لە هەموو جیهاندا، یان کۆمەڵێک کەسانی دەسترۆیشتوو و بەرپرسن یاخود کەسی دەسترۆیشتوو و بەرپرسیان لە پشتە. ئەو بازرگانییەی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێڕان دەکرێت، خەڵکانی زۆر دەسترۆیشتوو و بەرپرسی گەورەی ئەم وڵاتانەی لە پشتەوەیە. دەستبەرداربوون لە قازانجێکی وەهای گەورەی بازرگانی زیانی گەورە بە پێگەی سیاسی ئەم سیاسییە بازرگانانە ئەهێنێت. سێیەم، توێژینەوەکان لەبارەی گەماڕۆکان لە هەموو جیهاندا دەریانخستووە، کە گەماڕۆدان سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت. نموونە زۆرن هەر لە کۆریای باکوور کە گەماڕۆی زۆر چری جەرگبڕی لەسەرە هەتاوەکو ئێرانی درواسێی خۆمان. گەماڕۆدان هەر زوو فەشەل ئەهێنێت کاتێک هەر چوار دەورەکەی نەگیرابێت، چونکە ئەوکات سنوورێکی تری ئەو وڵاتە قەرەبووی سنوورە گەماڕۆدراوەکەی تر ئەکات.
لە حاڵەتی کوردستاندا، گەماڕۆدان زۆر ئەستەمە رووبدات. تورکیا و ئێران کێبڕکێیانە لەسەر ئەوەی کامیان پشکی زیاتری ئابووری خۆیان لە کوردستان بە دەست بخەن، هەربۆیە ئەگەر یەکێکیان پاشەکشەی کرد، ئەوی تریان بەخێرایی پڕی ئەکاتەوە. ئەگەر یەکێکیان سنوور دابخات، ئەوی تریان سنوورەکەی فراوان ئەکات. سێیەم، ئەگەر ئێران و تورکیا و عێڕاقیش سنوورمان بەسەرا دابخەن، دیوی رۆژئاوای کوردستانمان هەیە کە ئەبێتە قوڵایی ستراتیژی باشووری کوردستان و سوودی لێوەربگرین. ئەگەر ئەو سنوورەش نەبێت، ئاسمانی کوردستان لە ١٩٩١ەوە بە دەستی ئەمەریکایە. سەیری ئەم بارودۆخەی ئێستا مەکە کە عێراق ئاسمانی مەدەنی بەسەرماندا داخستووە، ئەمەریکا بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو وەبەرهێنانە سیاسییە درێژخایانە بێت کە لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوو لە باشووری کوردستان کردوویەتی و هەربۆیە گەماڕۆدانی سەرتاسەری بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکات. لەم سەردەمە، ئەگەر ئاسمانت کراوە بێت، ئەتوانیت لە رێی هەواییەوە بازرگانی بکەیت.
چوارەم، جارێکیتر ئەگەر نەیارانمان بیانزانیبایە گەماڕۆدان سەرکەوتن بەدەست ئەهێنێت، یەک دەقە لێی نەئەوەستان، بەڵام لەبەر ئەوەی خاکی کوردستان بە پیتی و بەرەکەتە و وەکو قەتەر و ئیمارات بیابان نییە، کوردستان زۆر بە ئاسانی ئەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت بێ ئەوەی لە وڵاتانی ترەوە شتی بۆ بێت. ئێستا کوردستان لە ڕووی کشتوکاڵییەوە لە دوو وەرزدا بە تەواوی پێداویستی ناوخۆ دابین ئەکات و ئەوانیتر نیمچە دابین کردنن. لە رووی سامانی سروشتییەوە، پێویستی بە ئاو و نەوت و غازی کەس نییە و بەشی پێداویستی ناوخۆ هەیە ئەگەر هەندێک کارکردنی زیاتری لەسەر بکەین.
جارێکیتر، ئەم وڵاتانە ئەگەر بتوانن بمانخنکێنن، درێغی ناکەن، بەڵام چاک ئەزانن کە ناتوانن و هەر هەوڵێکیش بۆ کارێکی لەوجۆرە تەنها بە زیانی خۆیان تەواو ئەبێت.