کاتی تەقینەوەی تەڵەکە هاتووە
نیازحاجی
ئەمەریکا لە عێراق دوای ئەوەی لە ساڵی ۲٠۱۱ لە (پەنجەرە)وە چووە دەرەوە ، دوای دەستبەکاربوونی تڕەمپ جارێکی تر بەهێزەوە ، ئەم جارەیان لە (دەرگا)وە بە پێشوازیکردنێکی گەرمەوە گەڕایەوە ناو عێراق….
ئەمەریکا لە ساڵی ۲٠٠۳ وەک هێزێکی (داگیرکەر) هاتە ناو عێراقەوە ، ئەمجارەیان لە ژێر دروشمی (رزگارکردنەوە)ی عێراق لە داگیرکاریەکانی ئێران ، بانگەشەی گەڕانەوەی دەکات .
هاتنەوە و بڵاوەپێکردن و کردنەوەی بنکەی سەربازی نوێی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە ژێر پەردەی شەڕی داعش ، بۆ سنوردانان و دەستبڕینی دەست و پێوەندەکانی ئێرانە ، بەبێدەنگی و بەخێراییەوە هەنگاوەکان بەڕێوەدەچن .
ئامادەسازیە هەرێمی و نێوەدەوڵەتیەکانیش بۆ ستۆپ کردن بەو (باژۆ دەشتە)ی پێشتری ئێران بۆ دەست تێوەردانی لە وڵاتانی ناوچەکە ، لە قۆناغەکانی کۆتایی دایە ،،،،
ئەگەر ئێران لە سەردەمی (ئۆباما)دا بواری بۆ رەخسابێ بە هەوەسی خۆی چوار پایتەختی عەرەبی داگیربکات ، ئەوا ئەو بوارپێدانە تەڵەیەکی گەورە بوو بۆی دانرابووەوە ، دوای هاتنی (تڕامپ )خەریکە ئەو تەڵەیەی پێدا دەتەقێتەوە.
چۆن داگیرکردنی (کوێت) لەلایەن (عێراق)ەوە تەڵەیەک بوو بۆ رژێمی صەدام و دواتر پێیدا تەقیەوە ، داگیرکردنی (چوار پایتەختی عەرەب)یش لەلایەن (ئێران)ەوە تەڵەیەکی ترە بۆ ئێران و ئێستا کەوتۆتە ناویەوە .
قۆناغی لێکردنەوە و دوورکردنەوە و دوورکەوتنەوەی ئەو هێزانەی کە پێشتر لەناو بازنەی ئێراندا دەخولانەوە یان هاوپەیمانی ئێران بوون ، دەستی پێ کردووە ، لە سووریا جگە لە رووسیا ، رژێمی ئەسەدیش لەبەرامبەر دڵنیایی دان بە مانەوەی لە دەسەڵات خەریکی دوورکەوتنەوەیە لە بازنەی ئێران ، مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵات تا ئەو کاتەیە کە سووریای پێ دابەش دەکرێ ، هاوشێوەی مانەوەی صەدامی دوای داگیرکردنی کوێت تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستانی تارادەیەک لێی جیابووەوە و بوو بە ئەمری واقع، لە دەسەڵات مایەوە .
ئێستا ئێران کەوتۆتە ناو چەند چاڵێکەوە ، چاڵی یەمەن ، چاڵی سوریا و چاڵی عێراق و چاڵی لوبنان ، چەند چاڵێکی تریش لە سنورەکانی پاکستان و ئەفغانستان .
لە یەمەنیش خەریکە (عەلی عبداللە صالح) لە حوسیەکان جیابێتەوە ، لە عێراقیش هەلسوکەوتەکانی موقتەدا صەدر و هەوڵەکانی حەیدەر عەبادی بۆ دابەشکردنی حەشدی شەعبی بۆ دوو بەرە، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە بۆ دورکەوتنەوە لە بازنەی ئێران ، تڕەمپ بۆ پشتگیریکردن لە حەیدەرعەبادی بۆ ئەو بڕیارە قورسانەی کە دەبێ لە ئایندەی نزیکدا بیدات ، زاواکەی خۆی بەناوی(جارید کۆشنیر) لەگەڵ کۆمەڵێک راوێژکاری باڵای سەربازی و هەواڵگری لە ۲٠۱۷/٤/۳ بۆ بەغدا ناردووە تا لەنزیکەوە سەرپەرشتی بڕیار و هەنگاوەکانی حەیدەرعەبادی بکات ، دەکرێ بۆ لەمەودوا (جارید کۆشنیر) وەک حاکمێکی پشتی پەردەی ئەمریکا لە عێراق هاوشێوەی (بۆڵ بریمەر)ی ساڵی ۲٠٠۳ناو بنێین .
لە کوردستانیش ، خەریکە یەکێتیش هەمان هەنگاو بهاوێت بەتایبەت دوای ئەوەی لە بابەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک و پرسی ریفڕاندۆم هاتە بەرەی پارتیەوە .
بۆ لەمەودوا عێراق موڵکی ئەمریکا و هاوپەیمانە تەقلیدیەکانێتی بێ ئەوەی ئێران و رووسیا مەترێکیان تێیدا هەبێ ، رووسیا بەو پشکەی لە سووریا بەری کەوتووە رازیە ، لە ئێرانیش دوای دابەشکردنی، رووسیا پشکی تری بەر دەکەوێت ، پێشتریش لە پارساڵدا چەند جارێک ئاماژەم بەوەداوە کە لە دوای روداوەکانی ۱۱ی سێپتەمبەر، جۆرج بۆشی کوڕ ، وڵاتانی میحوەری شەری دەستنیشان کرد کە هەر سێ وڵاتی ( ئێران ، عێراق ، کۆریای باکور )بوون .
لە ۲٠٠۲/۳/٦یش (جۆن بۆڵتۆن)ی نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتوەکان ( لیبیا و سووریا و کوبا )ی بۆ لیستەکە زیاد کرد .
(کۆندۆلیزا رایس)ی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمەریکاش لە مانگی یەکی ۲٠٠٥ ( کوبا و روسیای سپی و زیمبابۆی و مینامار) بۆ زیاد کرد.
دۆناڵد تڕەمپ بەوردی کار لەسەر ستراتیژی وڵاتانی میحوەری شەر دەکات، هەر بۆیەشە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە تڕەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی و بەخێرهاتنەوەی لە (کۆندۆلیزا رایس) کرد کە پێشبینی دەکرێ تڕەمپ ئەرکێکی نوێی پێ بسپێرێت ، تڕەمپ هەموو ئەو کەسانەی لە ئیدارەکەی خۆیدا کۆکردۆتەوە کە دژی وڵاتانی میحوەری شەڕن و رۆڵیان لە دانانی ئەو ستراتیژیەتەدا هەبووە ، کۆندۆلیزا رایسیش یەکێکە لەو کەسانەی کە دژی رێکەوتنی ئەتۆمی ئەمریکا بوو لەگەڵ ئێران.
پێشتریش گوتومە ، دوای دەست بەسەرداگرتنی نەوتی عێراق و کەنداو ، تڕەمپ و کۆماریەکان چاویان لە نەوتی (ئەحواز)ە ، دەستبەسەرداگرتنی نەوتی (ئەحواز) بە واتای دابەشکردنی ئێران دێت .
ناکرێ رۆڵی ئیسرائیل لەم هەموو ئاڵۆزیانەی ناوچەکە پشت گوێ بخرێت، لە پشتی پەردەوە هەماهەنگیەکی تەواوی لەگەڵ روسیا و ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا هەیە ،،،،
لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشتر کێشەیەک هەبوو بەناوی (کێشەی عەرەب و ئیسرائیل) ، دوای ئەوەی ئیسرائیلیش بە هەمان شێوازی سیاسەتکردنی ئۆباما، چاوپۆشی کرد لە (سیاسەتی باژۆ دەشتەی ئێران) لە ناوصچەکە کە بەهۆیەوە ئێران چوار پایتەختی عەرەبی داگیرکرد ، ئێستا وڵاتە عەرەبیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەی گەورەیان رژێمی ئێرانە نەک ئیسرائیل ، واتا کێشەکە بووەتە کێشەی (عەرەب و ئێران )، نەک هەر ئەوەندە، بگرە وڵاتانی عەرەب لە هاوپەیمانیەتێکدا کۆبونەتەوە و ناڕاستەوخۆ ئیسرائیلیشی تێدایە ، ئەو هاوپەیمانێتیە زۆرجار بە (ناتۆ)ی عەرەبی لە دژی ئێران ناودەبرێ .
بە ئاراستەی (میسر)یش ، ئیسڕائیل هەوڵی جێبەجێ کردنی بەرنامەکانی خۆیەتی ،،،،
دوای ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو ، (عبدالفتاح سیسی) چەند دورگەیەکی بە سعودیە فرۆشت ، فرۆشتی ئەو دورگانە وەک سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی (عبدالفتاح سیسی) لەگەڵ (تڕەمپ)یش رێکبکەوێ تا بەشێکی بیابانی (سینا) بە فەلەستینیەکانی کەرتی (غەزە) بدات ، کەرتی غەزە رووبەرەکەی کەمە ، چری دانیشتوانەکەی روو لە تەقینەوەیە کە ئەوەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئیسرائیل ، ئەگەر زۆرە یەکێک لە دۆسیەکانی تڕەمپ کە لەگەڵ (عبدالفتاح سیسی) باسی کردبێ لە سەردانەکەیدا ، بابەتی (کەرتی غەزە و بیابانی سینا)بێ کە ئەوەش وەک نەخشەڕێگا و چارەسەرێک بۆ کێشەی فەڵەستین لەگەڵ ئیسرائیل کە لە ئایندەدا کاری لەسەر بکرێ .