زلەکەی باوکم و زلەکەی شانزەی ئۆکتۆبەر

ساڵی 1979 پەیوەندیم کرد بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە. تەمەنم نزیکەی شانزە ساڵێک بوو. ئێمە لە خانەقین کۆمەڵە گەنجێک بووین لەچینی خوارەوەی کۆمەڵ بووین، “بۆ نموونە باوکم بە کەچه خوێنەوارییەک ببووە فەرمانبەری فەرمانگەی شارەوانی، بەڵام دوای شکستی 1975 لە کارەکەی دوورخرایەوە و وەک یەکێک لەو لێشاوەی پێیان دەوتن عائدون الی صفوف الوطن نەفی کراین بۆ سەماوە. لەوێ دوو ساڵی ناڕەحەتمان بەسەر برد، باوکم حەوت منالی هەبوو لەو کاتەدا. بە کەناسی و کۆکردنەوەی خاشاک دەژیاندین. هەمیشە دەیووت ئێوە تەنها بخوێنن. تەنیا خوێندن کورد پێش دەخات. بەڵام ئەو هەموو ناڕەحەتی و قوربانیدانە وای لە باوکم نەکرد تەنانەت له کوردبوونی بێزار بێت. هەمیشەش لەسەر مەلا مستەفا بەگژ عەرەبەکانی سەماوەدا دەچوو”
هاوڕێکانی ترم هەموو لە من حاڵیان باشتر بوو لە ڕووی ئابوورییەوە بەڵام کەسیان ئەوەندە هەبوو نەبوون بتوانن ئۆتۆمبیلێکیان هەبێت. بەم هۆیە و بە پێی نەریتی ئەو ڕۆژگارە، سەرسام بووین بە مارکسیزم. وەک هیوای ڕزگاریی چینەکانی خوارەوە. ئێمەش لەناو ئەو کەشەی کۆتایی هەفتاکانی خانەقین بووینە شانەیەکی کۆمەڵە. لە یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیدا زیاتر لە مارکس و سەدام و چینی کرێکار. بە ڕقەوە باسی مەلا مستەفایان بۆ کردین کە چوار مانگێک دەبوو کۆچی دوایی کردبوو. تووشی حەپەسان بووم چۆن مەلا مستەفا کە باوکم ڕوحی خۆی فیدا دەکرد، ئەم کەسایەتییەیە کە ئێستا ئەوان بۆمان باس دەکەن. چەواشەکارییەکە هێندە بەهێزبوو منی گەنجی کردە دوژمنی ئەو بارزانیەی باوکم لە هەموو منداڵەکانی خۆی خوشتری دەویست. لە ژێر کاریگەریی ئەو سەفسەتەنەدا ئێوارەیەک کە شکور عەلی ئەکبەریش لەماڵمان بوو. کەوتمە وتنەوەی ئەوەی لەسەر بارزانی پۆمان باس کرابوو. کە فیوداڵە و ئاشبەتاڵی کردووە و ئێمە بە مارکسیزم لێنینیزم کوردستان ڕزگار دەکەین، باوکم هەردوو چاوی دەرپەڕی و وتی هەی قەشمەری سەگباب ئەوە چی دەڵێی هەستم وەک سەگ دەتۆپێنم و دوو جنێوی مزری بە کومەڵە و مارکسیزم دا. قسە لە من و قسە لە ئەو، پێکدا هەڵشاخاین، کار گەیشته ئەوەی زلەیەکی لە بنا گوێم دا کەڕ و کاسی کردم و لە ماڵ کردمیە دەرەوە. منیش ئەو شەوە چوومە ماڵی قاسم زەهاوی هاوڕێم و بۆ سبەینێیەکەی باوکم کە بۆ کرێکاڕیی دەچووە کەلار، لە ماڵ نەبوو چووم جل و کتێبەکانم خستە تورەکەیەکەوە و بەرەو ماڵی پورم لە بەغداد بەڕێ کەوتم و تا کاتی پێشمەرگایەتیم لە 1985 هەر لە بەغداد مامەوە، هەرچەند ساڵی 1983 دوای جوار ساڵ کە لە زانکۆی بەغداد خوێندکار بووم لەگەڵ باوکم ئاشت ببوومەوە کەچی جگە لە سەردان بۆ هیچ جۆرێک بۆ خانەقین نەگەڕامەوە. له کاتی پێشمەرگایەتی جارێک زلەکەی باوکمم بیر کەوتەوە و فرمێسک بە چاومدا هاتە خوارەوە، بیری باوکمم دەکرد ئەویش بۆ گەنجێکی 22 ساڵ شتێکی نۆرماڵە. بەڵام نەمدەزانی ئەو زلەیە بە مەبەستی وریاکردنەوەم بوو کەچی گێژ و وڕتری کردبووم، کە هاتمە سوێد لە 1988 و باوکم ئەنفال کرابوو لەو کاتەی بۆ سەردانێکی خزمان چووبووە نەوجول. هێشتا بیرم لە زلەکەی دەکردەوە. کە ئەو مارکسیزم لێنینیزمە تلیاکێکی داگیرکەرانی کوردستان بوو بۆ بەنجکردنی هۆشی نەتەوەیی، لەو ڕوژانەوە بڕیارمدا وەک کوردێکی نەتەوەیی دژی مارکسیزم بوەستمەوە و لە ڕووی فیکریی بە بیری نەتەوەیی خۆم چەکدار بکەم، بەڵام زۆر درەنگ تێگەیشتم کە ئەو بیرە نەتەوەییەی من لەناو یەکێتیدا جێگەی نابێتەوە. تا زلەی شانزەی ئۆکتۆبەر ڕایچڵەکاندم و خۆم لە هەموو ئەو کولتوورە سەقەتەی جەلالیەت قوتار کرد. سوپاس بۆ زلەکەی باوکم، زلەکەی شانزەی ئۆکتۆبەریش سووودی خۆی هەبوو

Back to top button